دیفاعی شەرعی وەک مافێکی یاسایی لەبەرامبەر دەستدرێژیدا

27/11/2020 - 20:36 نشر في وتار

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کاتێک مرۆڤ ڕوبەڕوی دەستدرێژی دەبێتەوە ئاساییە كە پەنا بۆ هەر هۆکارێک بەرێت تا بیوەستێنێ، بەڵام ئایا یاسا ڕێگەی پێ دەدات؟ وە ئایا دەتوانێ بەهێز بەرەنگاری ببێتەوە؟
بنەڕەت لە کردارەکاندا ڕێپێدراویە(الاصل هو الاباحة)، بەڵام یاسادانەر ئەو کردارانە بەتاوان دادەنێت کە زیانی بۆ کەسانی تر هەیە، لەپێناوی پاراستنی گیان و ماڵ و شەرەف و پێگەی کۆمەڵایەتی تاکەکان.

دیفاعی شەرعی یەکێکە لە(اسباب الاباحة) و بریتیە لە بەرەنگار بونەوەی دەستدرێژی بۆ سەر جەستە و گیان و ماڵ لەلایەن تاوان لێکراوەوە، ئەگەر دەستدرێژیەکە بۆسەر خۆی بێت یان خەڵکانی دی،
واتە بەرگریکار ڕوبەڕوی مەترسی دەستدرێژی تاوانکاری دەبێتەوە چ بۆ سەر گیانی خۆی و خەڵکی تر یاخود بۆسەر ماڵ وسامانی خۆی و خەڵکی تر.

مادەی (٤٢) لە یاسای سزادانی عێراقی باسی دەکات (لا جريمة اذا وقع الفعل استعمالا لحق الدفاع الشرعي ...) واتە بە تاوان هەژمار ناکرێت ئەگەر کردارێک ئەنجام درا لە دۆخی دیفاعی شەرعیدا، هەرچەندە ئەو کردارە لە دۆخی ئاساییدا بەتاوان دابنرێت.

بەڵام لە هەمان کاتدا چەند مەرجێکی بۆ داناوە ئەوانیش:
١_ئەگەر بەرگریکار ڕوبەڕوی مەترسیەک بۆوە لە ئەنجامی تاوانێک بۆ سەر گیان و ماڵی، یان وایدەزانی کەمەترسیەک لە ئارادایە و ئەو بۆچونەشی لەسەر هۆکارێکی مەعقول بوو.
٢_لەکاتێکدا نەتوانێت پەنا بەرێت بۆ دەسەڵاتی گشتی بۆ خۆپارێزی لەو مەترسیە لە کاتی گونجاودا.
٣_هیچ هۆکارێکی تر نەبێت بۆ دەرباز بون لەو مەترسیە، ئیتر جیاوازی نیە کە مەترسیەکە بۆ سەر خۆی بێت یان بۆسەر خەڵکی تر بێت.

ئەوەی گرنگە باس بکرێت ئەو حاڵەتانەیە کە بەرگریکار دەتوانێت لە حاڵەتی دیفاعی شەرعیدا دەستدرێژیکار بکوژێت دەکرێت بە دوو بەشەوە:

یەکەم/ حاڵەتی بەرگری لە گیان ئەوانیش:
١_ ئەگەر مەترسی ئەوە هەبوو دەستدێژیکار بیکوژێت یان برینداری بکات بە قوڵی ئەو مەترسیەش لەسەر بنەمایەکی مەعقول بوو، وەک ئەو کەسەی دوژمنەکەی دێتە سەری وچەکی لێ ڕادەکێشێت و ئەیەوێ بیکوژێت ئەم پێشتر تەقەی لێدەکات.

٢_دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەت یان نێربازی بەزۆر، لەم حاڵەتەدا دەستدرێژیکردنەکە قێزەونە بۆیە یاسا دانەر ڕێگەی داوە کە تاوانلێکراو تاوانکار بکوژێت بۆ دەرباز بونی لەو دەستدرێژیە، مەرجیش نیە مەترسیەکە بۆ سەر کەسی بەرگریکار بێت بەڵکو دەشێ بۆسەر کەسێکی تریش بێت.
٣_لە تاوانی ڕفاندنی مرۆڤیشدا یاسا دانەر ڕێگای داوە بە کوشتنی تاوانکار لەبەر مەترسی ئەم تاوانە.

دووەم/ئەوحاڵەتانەی بەرگریە لە ماڵ وسامان:
١_ئاگر کردنەوەی بە ئەنقەست
٢_ئەو تاوانی دزیە گەورانەی کە سزاکەیان لە پێنج ساڵ بەندی زیاترە(جنایات السرقة).
٣_چونە ناو خانویەکی نیشتەجێوە بە شەو کە خەڵکی تیا دەژیا، یان یەکێک لە پاشکۆکانی خانوەکە.

بەڵام لەهەموو ئەو حاڵەتانەی باس کران دەبێت تاوانلێکراو هۆکارێکی تر نەبێت کە پەنای بۆ بەرێت تا ڕێگری لە تاوانەکە بکات جگە لە کوشتن، ئەگەر خۆی کەمتەرخەم بوو لە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات یان دەیتوانی بە هۆکارێکی تر خۆی ڕزگار بکات ئەوا دیفاعی شەرعی نیە و لەسەر تاوانی کوشتن لێپێچینەوەی لێدەکرێت.

لەهەموو حاڵەتێکدا مافی دیفاعی شەرعی بابەتێکە دادگا بەپێی دۆخی تاوانەکە و ڕوداوەکان و ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان هەڵیدەسەنگێنێت و بە پێی بەڵگەکان بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

هەروەها مافی بەرگری بە رێپێدراو دانانرێت ئەگەر زیانێکی گەورەتری گەیاند لەوەی کەپێویستە بۆ بەرگری کردنەکە، واتە بەرگریکار بە ئەنقەست زیادەڕۆیی کرد یاخود سنوری مافەکەی بەزاند یان بەهەڵە وای زانی لەحاڵەتی دیفاعی شەرعیدایە، لێرەدا بەرگریکار بەرپرسیار دەبێت لەو تاوانەی ئەنجامی داوە، بەڵام دەکرێت دادگا سزاکەی بۆ سوک بکات.