كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لەسەر ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بۆ ئەو مەبەستە وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجەشەممە ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەزامەندیان دەربرشی بۆ تۆماركردنی ناوی چاودێرانی سەر سندوق و نوێنەرانی حزبە سیاسییەكان و میدیاكاران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیاند، لە نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەستكراوە بە تۆماركردنی ناوی چاودێرانی سەر سندوق و نوێنەری حزبە سیاسییەكان و میدیاكاران بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای هەڵبژاردن، دەنگدانی زیندانیان و كارمەندانی كەرتی تەندروستی و هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێم لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا لە بنكەكانی دەنگدانی تایبەت 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی دەستپێدەكات.
جومانە غەلای ئەوەشی راگەیاند، داوایان لە وەزارەتی داد و تەندروستی و ناوخۆی هەرێم كردووە، ناوی كارمەند و زیندانیان بۆ كۆمسیۆن بنێرن كە بڕیارە لە دەنگدانی تایبەتدا بەشداری بكەن.