ئایاصۆفیا و تەخوین!

25/07/2020 - 11:39 نشر في وتار

فاتیح سه‌نگاوی

ئایاصۆفیا و گەڕاندنەوەی بۆ مزگەوت خواستی ڕێكخراوە ئیسلامییەكان و ملیۆنان مسوڵمان بووە لە توركیا، مەسیحییەكان 600ساڵە دەستیان لێی شۆریوەو لە تەواوی دونیاشدا چەندین مزگەوتی مێژوویی كراون بە كڵێسا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و سەربازی ئەوكاتەوە، كارەكەی ئۆردۆگان كە لەڕێگەی ئەو داواكارییانە و یاسای وڵاتەكەی بووە و بۆ خۆیشی دەستكەوتی سیاسی و هێنانەدی بەڵێنی هەڵبژاردنە لەناوخۆدا و بۆ سیاسەتی خۆیشی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی و سۆزی مسوڵمانان سوودی لێی بینییوە، ئیتر هەموو سیاسییەك ئەم تەوزیفانە دەكات !... ئێمەی كورد پێویست ناكات ببینە نوێنەر و داكۆكیكار لەم بابەتەدا و ئەوەندە دەوڵەت و كڵێسای جیهانی هەیە كە ئێمە هەر ناخوێنرێینەوە ... دەمێنێتەوە هەڵوێستی كورد لە دەسەڵاتی تورك لە مێژوودا و لەنێوانیشیاندا لە ئۆردۆگان، بێگومان سروشتیشە دژبین بەو دەسەڵاتانەی كە زیانیان بە كورد گەیاندووە وەكو نەتەوەیەكی خاوەن ماف و شوناس، كە پشكی عەلمانییە توركەكان گەورەتر و زیاترە لەم چەوساندنەوەیەدا، ئەو كاتەی سوڵتانی عوسمانی ناچاربوو یان ڕازی بوو بە پەیمانی سیڤەر كە ڕێگەی دابوو دەوڵەتێك بۆ كورد بنیات بنرێت، هەر ئەو كاتە ئەتاتورك بە پەیمانی لۆزان ئەو خواستەڕەوایەی كوردی لەگۆڕنا و نكوولی لە شوناسی كوردبوون كرد و زمان و كلتووری كوردیی قەدەغەكرد و تۆرانییەتێكی بنیاتنا كە تاوەكو ئێستاش شۆڤێنییەكانی تورك پێوەی پەیوەستە و تەنانەت ئیسلامییەكانییش نەیانتوانیوە لەناوی بەرن گەرچی كاڵیان كردووەتەوە... لەسەردەمی ئۆردۆگانییشدا كورد و توركیا هەنگاوی باشی ئاشتەواییان ناو و بابەتی كلتووریی كورد گەشەی باشی كرد، بەڵام دوواجار ئەو پرۆسەیەش شكستی هێنا، ئاساییە منێكی ئیسلامی ناڕازی و دژبم لە هەڵوێستەكانی دەوڵەتی توركیا لە مەسەلەی كورد و چارەسەرنەكردنی بەتایبەت ئەو مامەڵە سەربازییەی لەشەڕی شارەكاندا هاتە ئاراوە و مافی گیان و سەرو ماڵی هاوڵاتیانی كوردی كردە ئامانج و ئەو مامەڵە نایاساییەی ئەنجام درا دژ بە هەندێ هێزی كوردی ڕێگەپێدراوی ناو توركیا، ئەویتریش هێزی نەیار و دوژمنی یەكن و حەتمەن دەست لەیەك ناپارێزن و بەداخەوەین دۆخەكان بەو ئاقارەدا دەڕوات... وەكو كوردییش پێویست ناكات لەناوخۆدا یەكتری تەخوین بكەین چ ئەوانەی پشتگیرن و چ ئەوانەشی دژن، زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی (ئەگەر نەڵێم هەمووی) ئەم كارەیان پێخۆشە ناڕازین لەپێشێلكردنی مافەكانی كورد لە لایەنی توركیاوە و بەشێكی زۆریش لەوانەی دژن بەم كارە خەڵكی مسوڵمان و دیندارن و پاڵنەری مافخوازی لەپشتەوەی هەڵوێستەكانیانە... بەڵام لەم نێوانەشدا خەڵكێك هەیە پاڵنەرەكەی بۆ ئەم هەڵوێستە ڕقە لە ئیسلام نەك پاڵپشت بۆ مافی كورد، بەتایبەت بەشێك لەوانە خۆیان لێرە پاڵپشتی ستەمكاریین و بەشێكن لە دەسەڵاتی گەندەڵكار و قۆرخكاری كوردی و ئەوەی پێی بووترێت ماف لەژێر پێیان ناوە و هۆكارن بۆ لاوازی هەستی نەتەوەیی و ئینتیمای كوردایەتی... حەتمەن لێرەشدا ڕێژەیك هەیە كە وەكو ئۆردۆگان تەوزیفی هەموو هەڵوێستێك دەكەن بۆ جەماوەریی بوونی خۆیان و دژایەتی نەیارەكانیان، ئیتر دەكرێت ڕاستگۆبن لە كارەكەیاندا و دەشكرێ قین لەدڵێكی ئایدیۆلۆژیست بن... بەهەرحاڵ ئاساییە بۆچوونی جیاواز هەبێت، هەروەكو هەیە، بەڵام نائاساییە یەكتری تۆمەتباربكەین و بەناپاك و جاش و پشتگیریی كوفر و ئەوشتانە تۆمەتباری یەك بكەین، مەگەر كەسێك خۆی بە ئاشكرا دان بەوشتانەدا بنێت یان هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵنەگرێت! باشترە ئێمەی كورد بەتایبەت لە باشووردا لەخەمی گرفتەكانی خۆمان و چارەسەركردنیدا بین، ستەمكاری و گەندەڵی و قۆرخكاری دەسەڵاتی خۆمان كەمكەینەوە و شەفافییەت بۆ داهات و شەرعییەتی ڕاستەقینە بۆ دەزگاكانمان بگێڕینەوە و بیكەینە دەسەڵات و حكومەتێكی مرۆڤ دۆست و مافخواز و شوناس پارێز و ئەوەندە بەشەڕی لاوەكییەوە خۆمان ئازار نەدەین و لە مەبەستی ڕأستەقیینە دوور نەكەوینەوە!