جوولەکەکان هێرشیان کردە سەر موڵکی فەڵەستینییەکان لە کەناراوی رۆژئاوا

ڕابه‌ر كه‌لهوڕی 29/01/2023 - 14:12 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جوولەکەکان، هێرشیان کردە سەر موڵکی فەڵەستینییەکان لە کەناراوی رۆژئاوای داگیرکراو و خانوویەک و شەش ئۆتۆمبێل فەڵەستینییەکانیان سووتاند و زیانیان بە دەیان دووکانیان گەیاند.

عەوەز ئەبو سەمرە برای ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینییەی جوولەکەکان خانووەکەیان لە شارەدێی تورمەعسییا سەربە شاری رامەڵڵا لە کەناراوی رۆژئاوا سووتاندووە راگەیاند کە گرووپێک لە جوولەکەکان کاتەکانی شەو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکەیان.

ئەبو سەمرە باسی لەوە کرد کە لە کامێراکانی چاودێریدا دەردەکەوێت سێ جوولەکە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی براکەی و سووتاندوویانە، 10 جوولەکەی دیکە لەژێر پارێزی سەربازانی ئیسرائیلدا هەڵیانکوتاوەتە سەر خانووەکەی تەنیشتی.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە سەربازانی ئیسرائیل تەنیا 150 مەتر لە ماڵەکە دوور بوون و جوولەکەکان دەروازەی گوندەکەیان داخستووە و زیانیان بە ئۆتۆمبێلی فەڵەستینییەکان گەیاندووە.

غەسان دغلس بەرپرسی دۆسیەی نشینگەکان لە باکووری کەناری رۆژئاوا راگەیاند، شەوی رابردوو جوولەکەکان لە گوندەکانی سەربە نابلوس، هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێل و دووکانی فەڵەستینییەکان.

غەسان دغلس باسی لەوە کرد کە لەو هێرش و پەلامارانەدا، جوولەکەکان شەش ئۆتۆمبێلی فەڵەستینییەکانیان سووتاندووە و جامی 120 ئۆتۆمبێلی دیکەیان شکاندووە و زیانیان بە زیاتر لە 20 دووکان گەیاندووە.