سه‌رۆکی رووسیا لەگەڵ سەرۆکی ئێران کۆبووەوە

15/09/2022 - 16:33 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

سه‌رۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین به‌ر له‌ دەستپێکردنی لووتکه‌ی رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای که‌ له‌ شاری سه‌مه‌رقه‌ندی ئۆزبه‌کستان به‌ڕێوه‌دەچێت، له‌گه‌ڵ سه‌رکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی کۆبووه‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوێکی کرملین، ڤلادیمیر پوتین لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئێران لە هەموو رووێکەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆە بینووە.

سه‌رۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی بۆ ئەوەی ئێران ببێتە ئەندامێکی تەواو لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای هەموو شتێکیان کردووە، ئاشکرای کردووە کە هاوبەشەکانی دیکەش پشتگیرییان لە داواکارییەکەی ئێران کردووە بۆ ئەندامێتیی لە رێکخراوەکە.

ڤلادیمیر پوتین راشیگەیاندووە "ئێران لەئێستاوە ئەندامە لەم رێکخراوە جیددی و نێودەوڵەتییە. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەو بڕیارەی ئێران".

سه‌رۆکی رووسیا هەروەها رایگەیاندووە کە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکی ئەرێنی پەرەی سەندووە و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە مانگی دەستکردی "خەییام" کە لەلایەن رووسیاوە لەسەر داوای ئێران بەرهەم هێنرابوو، نۆی ئاب لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی بایکۆنور لە کازاخستان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرابوو.

پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە رێککەوتنێکی گەورەی نوێی نێوان رووسیا و ئێران لە قۆناغی کۆتایی کاردایە کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئێران بۆ ئاستی هاوبەشی ستراتیجیی، رایگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات بەڕێژەی لەسەدا ٨١ و لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ زیادی کردووە.

سه‌رۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە دەربڕینی ئەوەی کە پەیوەندییەکەی پتەو لەنێوان حکوومەتی هەردووڵاتدا هەیە رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو، شاندێکی بازرگانی رووسیا سەردانی ئێران دەکات.