دیجیتاڵ میدیای سپێده
له یاداشتێكدا كه ئاڕاسته‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌یان كردوه ده‌سته‌ی نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ هۆشداری به حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانی كوردستان ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی ساڵی نوێی خوێندن و ڕایده‌گه‌یه‌نن، پێویسته په‌ڕله‌مان به‌یاسا ده‌رگای دامه‌زراندن به ڕووی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دا بكه‌نه‌وه.
له یاداشته‌كه‌ى مامۆستایانى وانه‌بێژدا هاتوه: وه‌كو نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ هۆشداری خۆمان به وه‌زیری په‌روه‌رده‌و ته‌واوی خه‌مخۆرانی بواری په‌روه‌رده ده‌ده‌ین و داوا ده‌كه‌ین :له‌كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وه‌زیری په‌روه‌رده له پلانی خۆیندنی ساڵی داهاتوو چاره‌نوسی مامۆستایانی وانه‌بێژ به دامه‌زراندن به بێ جیاوازی كردن بۆ ساڵی ئاینده یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
هه‌ر له یاداشته‌كه‌یاندا نوێنه‌رى مامۆستایانى وانه‌بێژ داوا له‌سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌ڕله‌مانی كوردستان و به‌تایبه‌ت لیژنه‌ی په‌روه‌رده له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌پڕۆژه یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كه ئێستا له په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ به‌یاسا ده‌رگای دامه‌زراندن به ڕووی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دا بكه‌نه‌وه ، كه چه‌ندین ساڵه به‌ده‌ست كه‌می میلاكاته‌وه ده‌ناڵێنێت و به دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانهبێژییش به ئه‌وله‌وییه‌ت تێیدا جێگیر بكرێ بێ جیاوازی كردن.