من ئافره‌تى ناو مه‌تبه‌خ و ماڵم!

10/02/2021 - 21:52 نشر في وتار

كه‌ژاڵ هادى شێروانى

كۆنه‌ پارێزنیم و په‌روه‌رده‌ى به‌رده‌ستى خانمێكم كه‌ له‌دیار ئاماده‌كردنى خواردن و مه‌تبه‌خ ئێمه‌ى گه‌وره‌ كرد و گه‌یانده‌ ئه‌و رۆژه‌!
ره‌جعى و كۆنه‌ خوازنیم و په‌روه‌رده‌كراوم به‌ده‌ستى خانمێكى سه‌رپۆش له‌سه‌رى كوردپه‌روه‌رى ده‌ست به‌ده‌ستنوێژین!

كرانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا به‌ماناى سوكایه‌تى به‌ ڕابردووى دایكان و خوشكانمان ناكرێت. به‌لكو ڕابردووى ئێمه‌ ڕابردووى پڕشانازی و سه‌ربه‌رزى یه‌.

من سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى وه‌ك دایك و ژنى ماله‌وه‌ كه‌ به‌دیار مه‌تبه‌خ و فاست و چێشت ئاماده‌كردنه‌وه‌م، كارى ڕیكخراوه‌یی و حزبى و په‌رله‌مانیشیم له‌ته‌ك ئه‌وانه‌وه‌ كردووه‌ و هه‌رگیز ئه‌مانه‌ رێگرى له‌ پێشكه‌وتن و به‌ده‌ست كه‌وتنى خه‌ونه‌كانى منه‌وه‌ نه‌بووه‌.

ئافره‌ت وه‌ك كائینێكى خوایی و كه‌ به‌جوانترین شێوه‌ خواى گه‌وره‌ دروستى كردووه‌ و كردویه‌تیه‌ كۆله‌گه‌ى سه‌ره‌كى كۆمه‌لگا و خێزان و پیاو، هه‌رگیز به‌ خۆنمایش و خۆ هه‌راجكردن ناگاته‌ ئامانجى پێشكه‌وتن، له‌برى به‌كاڵا سه‌یركردن و سووك سه‌یركردن، ئافرە ت له‌ ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا وه‌ ک مرۆڤێكى رێزلێگیراو و خاوه‌ن ئیراده‌و پشت و په‌ناى نێو ماڵ و كۆله‌گه‌ى سه‌ره‌كى كۆمه‌لگا دانراوه‌، جا كه‌ داب و نه‌ریت به‌شێوه‌یه‌كى خراپ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه‌ ماناى ناشرینى ئه‌و په‌یامه‌ پیرۆزه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ سه‌روه‌رى مرۆڤایه‌تى رێزى تایبه‌ت و پێگه‌ى چاك و راوێژ و پرس و راى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ خیزان و كچه‌كه‌ى كردووه‌ و به‌رده‌وام به‌درێژایی مێژوو له‌ هه‌موو بارودۆخه‌كاندا رۆلى خۆیان بینیوه‌.

من ئافره‌تم. من چێشتلێنه‌رم. من دایكم. من په‌روه‌رشیارى مناڵە كانمم. له‌ته‌ك ئه‌وانه‌شه‌وه‌ سه‌ربه‌رزم به‌ رابردووى خۆم كه‌ په‌روه‌رده‌ى ده‌ستى قڵیشاوى دایكێكى نێو مه‌تبه‌خم. هه‌موو ئه‌وانه‌ نه‌بۆته‌ هۆى وه‌ستانم ، به‌ڵكو پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى پێشكه‌وتنه‌كانى منه‌ كه‌ ئێستا له‌كایه‌ى سیاسى و حزبى و دوێنێ له‌كایه‌ى په‌رله‌مانى و ڕیكخراوه‌یی بووم. ئه‌وه‌ منم ژنى به‌ر مه‌تبه‌خ و ماڵ!