ئیسلامۆفۆبیا، لە فەڕەنسا بۆ؟

11/10/2020 - 13:46 نشر في وتار

ئیسلام لە قەیران دایە یان خۆیان لە قەیران دان؟!

سوفی بترونین ئەو بارمتە فەڕەنسییەی کە دوای ٤ ساڵ لە ڕفاندنی لە مالی ئازاد کراو دوێنێ هەینی گەڕایەوە فەڕەنسا و ڕایگەیاند کە مسوڵمان بووە و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ (مەریەم)، ئەم ڕووداوە دوای لێدوانە مشت ومڕ ئامێزەکانی سەرۆکی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماکرۆن) هات کە ڕایگەیاندبوو ئیسلام لە قەیراندایە و بەڵێنیدا دژی جوداخوازی ئیسلامیی بووەستێتەوە و خەریکی ئامادەکردنی یاسایەکیشن بۆ ئەو مەبەستە.

سوفی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتەکەی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی وت: ئێوە بە ناوی سوفییەوە بانگم دەکەن، بەڵام ئەوەی لەبەردەمتاندایە مەریەمە.

بترونین کە لە بواری فریاگوزاری کار دەکات، لێدوانەکانی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە مایەی شۆک و سەرسوڕمان بوون، تەنانەت ماکرۆن کە چوو بووە پێشوازی سوفی بترونین کاتێ گوێی لە لێدوانەکانی بوو لەبارەی مسوڵمانبوونییەوە توڕە بوو و شوێنەکەی جێهێشت، چونکە ئەو چەند ڕۆژێکە دەهۆڵ بۆ ئەوە دەکوتێت کە گوایە ئیسلام لە قەیران دایە، بێ ئاگا لەوە کە خۆیان لە قەیران دا، لە لایەکەوە زۆرێک لە خەڵکی وڵاتەکەی لە بۆشایی فیکری دان و بە دوای گومبوویەکدا دەگەڕێن وەک ئاینی ئیسلام بێت، لە لایەکی ترەوە ئەو ئازادییەی شانازی پێوە دەکەن لە سایەی ڕاستڕەوە توندڕەوەکاندا لە مەترسیدایە، ئەوەتا تا دوێنێ ئەو خانمە ڕفێنراوە شکۆی فەڕەنسا و ئەوڕوپا بوو و هەڵایەکی ئیعلامیی زۆریان بۆ کرد و پارەی زۆریان بۆ ئە هاوڵاتییەی خۆیان خەرج کرد و بە سەرۆکی وڵاتیشەوە چوونە پێشوازی، بەڵام هەر کەزانیان بیروڕای وەکو ئەوان نییە و ئیسلامی قبوڵ کردووە، ئیدی کەوتە بەر ڕەخنەی ڕاستڕەوەکان و مادەم مسوڵمان بووە ئیدی هاوڵاتییەکی وا نییە جێی شانازی و بایەخپێدان بێت.

زیاد بوونی دیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا _ ترس لە ئیسلام) لە فەڕەنسادا دوای ئەو سیاسەتە هات کە حکومەتی ئێستای ڕاستڕەوەکان گرتیەبەر و بە یاسای جوداخوازی دەناسرێت.

ئیدی بۆمان هەیە بپرسین ئایا ئیسلام لە قەیران دایە یاخود خۆیان بەو سیاسەتەی جیاکاری و ئیسلامۆفۆبیا لە قەیران دان ؟!!