چۆن دەبیتە نوێخواز و بیرمەند؟!

02/01/2020 - 14:07 نشر في وتار

د.عوسمان محه‌مه‌د غه‌ریب

بە ڕاستیی سەردەمێکی سەیرە، گەر بتەوێ ببیتە نوێخواز و بیرمەندی گەورە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنێ:
• ڕەخنە لە دار و بەرد بگرە و، قەت سڵ لە نەخوێنەواریی و کۆڵەواریی زانستیت نەکەیت.
• بە دەرزەن سووکایەتیی بە زانایانی کۆن و نوێ بکە و، جار و باریش بیاندەرە بەر شاڵاوی جنێو و، ناوی توراپیی و دۆگما وکۆنەپەرستیان لێ بنێ و، بڵێ: کاهینەکانی پەرستگا چواردە سەدەیە ئێمەیان خەڵەتاندوە و، دینیان تێک و پێک داوە.
• دواتریش دەست بەرە بۆ موقەددەسترین موقەددەسەکان و بەئارەزووی خۆت و ئیبلیسی مامۆستات ئیجتیهاد بکە.
• تا دەتوانیت حەرامەکان حەڵاڵ بکە (مەشرووب، زینا، سوو، هتد)
• فەرز و واجبەکان مەهێڵە (نوێژ، ڕۆژوو، حەج، حیجاب، هتد).
• زۆر باسی ئازادیی بیر و ڕا و ڕێزگرتن لە ڕای بەرامبەر بکە، بەڵام گاڵتە بە ڕای زانایان و پێشەوایانی موسوڵمانان بکە و، هیچ ڕێز و حورمەتێکیان بۆ دامەنێ.
• تا دەتوانیت توند بە لەگەڵ ئەبو حەنیفە و مالیک و شافیعی و ئیبن حەنبەل و بوخاریی و موسلیم و زانایانی فیقهناس و فەرموودەناس و زۆربەی موسوڵمانان، بەڵام تا ئاستی توانەوە نەرم و نیان بە لەگەڵ ناموسوڵمان و مولحیددا.
• هیچ غەم نەخۆیت و دڵت تەنگ نەبێت بەجنێودان و سووکایەتیکردن بە خودا و پەیامبەران و ئەصحابە و پێشینان، بەڵام بە ئاشکراکردنی درۆو چەواشەکارییەکانی بەناو نوێخوازانی سەردەەم دەماری ملت ئەستوور بێت و، تا لە تواناتدا بێت بەرگریی لە قسە هەلەق و مەلەقاکانیان بکە و، هەمیشە سەنا و ستیشیان بکە.
• نەکەی نەکەی باسی دۆزەخ و تووڕەیی خودا و جیهاد و شمشێر بکەیت.
• هەمیشە هێرش بکەرە سەر مێژووی موسوڵمانان و، بەڵام نەکەی نەکەی باس لە ڕووە جوانەکەیان بکەیت.
• بە سیاسەتی بانێکە و دوو هەوا مامەڵە لەگەڵ فەرموودە و کتێبە مێژووییەکان بکە، فەرموودەی ڕاست و درووست ڕەت کەرەوە، بەڵام بۆ لێدانی سووننەت و مەرامی خۆت، حەدیپی درۆ و هەڵبەستراویش بکەرە بەڵگەو، هەروەها قسەی درۆ و بێسەنەدی کتێبە مێژووییەکان بەکار بێنە بۆ دابەزینە سەر صەحابە و زانایان و پێشەوایان.
• هێرش بکەرە سەر فتوحاتی موسوڵمانان، بەڵام قسە لەسەر تاڵانیی و داگیرکردنی ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکان مەکە.
• هێرش بکەرە سەر گرووپە توندڕەوە موسوڵمانەکان، بەڵام پرسیار مەکە بە فیتی کێ درووست بوون و، کێ یارمەتییان دەدات.
گەر ئەم هەنگاوانەت نا، مژدە بێت، دەبیتە بیرمەندێکی گەورە و شارەزا لە ئیسلامدا.