کوڕی باڵوێزخانەکان

02/01/2020 - 13:50 نشر في وتار

مه‌حه‌د عه‌لى وه‌لى

له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دوو مانگه‌ى كۆتایى ساڵى رابردووى 2019دا، میدیا و شوسیال میدیا و چازدێرانى سیاسى عێراق، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ شیعه‌ و له‌ناو ئه‌وانیشدا ئه‌وانه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن، نازناوێكیان بۆ هه‌ندێك له‌ میدیا و میدیاكار و چاودێرى سیاسى و سیاسى و چالاكوانى مه‌ده‌نى داهێناوه‌، كه‌ من سه‌ره‌ڕاى چه‌ند تێبینییه‌كه‌ له‌سه‌ر ناونان جیاكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى خۆپیشانده‌ران له‌ كاتێكدا خه‌ڵك برسێتى و نه‌هامه‌تییه‌كان هێناویه‌تییه‌ سه‌رجاده‌، زۆرجار دێمه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ فیعله‌ن هه‌ندێك خه‌ڵك كوڕى باڵوێزخانه‌كانن، به‌تایبه‌ت باڵوێزخانه‌ى وڵاتێكى ده‌سه‌ڵاتدارى دنیا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن و میدیاو میدیاكار، نه‌ك كوڕى باڵوێزخانه‌ن، به‌ڵكو كوڕى وڵاتانى دراوسێن.

ئه‌وانه‌ى كوڕى وڵاتانى دراوسێن پێش ئه‌وه‌ى كوڕى واڵاتانى خۆیان بن، بێ پێچ و په‌نا و بێشه‌رم و دوودڵى شانازییه‌وه‌ دانى پیاده‌نێن، ئه‌وه‌نده‌ى به‌ شان و باڵاى سه‌ركرده‌ و سومبولى وڵاتانى دراوسێدا هه‌ڵده‌دن، به‌ شان و شه‌وكه‌تى سه‌ركرده‌ و سومبولى عێراقدا هه‌ڵناده‌ن.

ئه‌وه‌ى وام لێده‌كات، بێمه‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ كوڕى باڵوێزخانه‌ن، فیعله‌ن راسته‌ له‌ باڵوێزخانه‌كانه‌ و رێنمایى ده‌كرێن، ئه‌وه‌یه‌ ئێستا له‌ناو رۆژنامه‌نووسان و چاودێران و چالاكوانان و چاودێرانى كوردیشدا هه‌مان نه‌فه‌س و خوێندنه‌وه‌ بۆ بارودۆخى عێراق و خۆپیشانده‌ران و هاندانى خۆپیشانده‌ران هه‌یه‌، به‌ مانایه‌كى تریش له‌ناو كورددا كوڕى باڵوێزخانه‌مان هه‌یه‌.