دوای27 ساڵ نه‌ك 100 ڕۆژ چیتان كرد؟

09/12/2019 - 19:17 نشر في وتار

عوسمان كاروانی

- ئه‌و سیسته‌می حوكمڕانیه‌ی ئێوه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا كردتان له‌چاو ئه‌و داهات و خێر و به‌ره‌كه‌ته‌ و ده‌رفه‌ته‌ی له‌به‌ر ده‌ستتاندابوو پڕیه‌تی له‌ كه‌موكورتی و كه‌مته‌رخه‌می .
- ئێوه‌ ده‌ستان برد بۆ مووچه‌ی مووچه‌ خۆران و ناشتانه‌وێ‌ بچێته‌ پلانتانه‌وه‌ كه‌ بۆیان بگێڕنه‌وه‌ .
- ئێوه‌ نه‌تان توانی ئاسه‌واری دوو ئیداره‌یی شه‌ڕی ناوخۆ كۆتایی بهێنن .
- ئێوه‌ نه‌تان هێشت ده‌زگای چاودێری دارایی و نه‌زاهه‌ بێ‌ لایه‌نانه‌ ڕۆڵا ببینێت .
- ئێوه‌ شكۆی دادگاكانتان خسته‌ ژێر پرسیاری جدییه‌وه‌ بۆ ده‌یان كه‌یسی جۆراوجۆر له‌م هه‌رێمه‌دا.
- ئێوه‌ بكوژانی ڕۆژنامه‌نووسان و شه‌هیدانی (17)ی شوبات و ده‌یان كه‌یسی ترتان داڵده‌داو نه‌تان هێشت دادگایی بكرێن .
- ئێوه‌ تا ئێستا داهاتی نه‌وت و گومرگه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی تری دارایتان شه‌فاف نه‌كرد .
- ئێوه‌ له‌به‌ر ئه‌نجامی ناڕێكی ناو ماڵی كورد له‌ (50%) ی خاكی كوردستانتان له‌ ده‌ستداو، به‌ كوردایه‌تیش به‌ خه‌ڵكی ده‌فرۆشنه‌وه‌ .
- ئێوه‌ن كه‌ سه‌رتاپای سیسته‌می په‌روه‌رده‌تان به‌حیزبی كردوه‌ ، هه‌ر ساڵه‌ و پڕۆگرام و سیسته‌می خوێندنی وڵاتێك به‌سه‌ر مناڵانی كورد دا تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ ی بۆ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك حیزب ده‌ستی تێ وه‌ر ده‌دات ، بۆیه‌ ئه‌م سیستمه‌ نه‌یتوانیوه‌ شایسته‌ بێت به‌و نه‌وانه‌ی كه‌ بۆ داهاتوو نیشتمان چاوی له‌سه‌ریانه‌.
- ئێوه‌ له‌ ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ كوا پێشكه‌وتنه‌ دیاره‌كانتان .
- ئێوه‌ نه‌تانتوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ن به‌ هێزێكی نیشتمانی سه‌رتاسه‌ری دوور له‌ ده‌ست وه‌ردانی حیزبی .
- ئه‌ی پێمان ناڵێن كوا كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریتان ؟
- كوا هاوكاریه‌كانتان بۆ جووتیارانی كوردستان كه‌ ببێته‌ هاندان بۆ زیاتركردنی به‌رهه‌می ناوخۆ؟
- كوا به‌نداوه‌كانتان ؟
- كوا هاوكاریتان بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت ؟
- كوا پرۆژه‌كانتان بۆ كرێ نشینانان ؟
- كوا به‌شه‌ نه‌وتی هاوڵاتیان ،له‌ كاتێكدا له‌ وڵاتێكدا ده‌ژین ژێر زه‌وییه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ نه‌وت و سامانی سروشتی ؟
- كوا پێشكه‌وتنه‌كانی كه‌رتی كاره‌بای نیشتمانی ؟
- له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ كوا پلانی ستراتیژی وڵات كه‌ لای هاوڵاتی ڕوون بێت ، دوای پێنج ساڵی تر یان ده‌ ساڵی تر وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و كوێ‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌ ؟
- كوا لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌یان به‌رپرسی گه‌نده‌ڵا كه‌ به‌ ناڕه‌وا له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی ده‌یان كۆشك و ته‌لاری بنیاتنا ؟
- كوا بڕینی دوو مووچه‌یی و سێ‌ مووچه‌یی كه‌ هه‌مووی به‌ فه‌رمانی حیزبی حوكمڕان ئه‌نجام دراوه‌ ؟
- كوا فرسه‌تی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی كوردستان به‌ یه‌كسانی ؟
- كوا مافی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان كه‌ به‌ نیه‌تی خزمه‌ت خوێندنیان ته‌واو كردوه‌ ؟
- ناكرێت له‌ماوه‌ی (100) ڕۆژدا هه‌ندێ‌ كاری ڕۆتینی وه‌ك ده‌سكه‌وت به‌ خه‌ڵكی كوردستان بفرۆشنه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ واجب و ئه‌وله‌ویاتی كاری حوكمڕانیه‌ و هیچ ده‌سكه‌وت نییه‌ تا به‌ ده‌سكه‌وت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت !
- ئه‌وه‌ ئه‌و كارانه‌ن كه‌ ده‌بوایه‌ (20) ساڵ له‌مه‌وپێش بتان كردایه‌، له‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌و كارانه‌ گه‌ر دادپه‌روه‌ری جدی هه‌بێت حه‌قه‌ لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵدا بكرێت .