سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌پۆسته‌كه‌ی دورده‌خرێته‌وه‌

30/05/2021 - 21:21 نشر في جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دوای 12 ساڵ به‌رده‌وامی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌ركرده‌ی پارتی لیكود و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌پۆسته‌كه‌ی دورده‌خرێته‌وه‌،

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ زۆرینه‌ی پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و پارته‌ میانڕه‌و، چه‌پ و راستڕه‌و و ته‌نانه‌ت پارته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش له‌ئیسرائیل هاوپه‌یمانییه‌كی په‌رله‌مانییان پێكهێنا كه‌ له‌ 62 كورسی په‌رله‌مان پێكهاتووه‌ و له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكومه‌تیش گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، به‌وه‌ش دوای 12 ساڵ به‌رده‌وامی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌ركرده‌ی پارتی لیكود و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌پۆسته‌كه‌ی دورده‌خرێته‌وه‌.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌، نافتالی بێنێت، سه‌ركرده‌ی پارتی یامینای راستڕه‌و رازیبو په‌یوه‌ندی به‌ به‌ره‌ی هاوپه‌یمانێتیی یایر لاپید، سه‌ركرده‌ی پارتی یه‌ش ئاتیدی ئیسرائیله‌وه‌ بكات، فراكسیۆنه‌كه‌ی نافتالی بێنێت كه‌ خاوه‌نی ته‌نها 7 كورسی په‌رله‌مانه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر داهاتوی حكومه‌تی ئیسرائیل ده‌بێت و به‌ڵێنی پێدراوه‌ بۆ ماوه‌ی دو ساڵ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل.

هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی یایر لاپید پێكهاته‌یه‌كی فره‌لایه‌نه‌ له‌ پارتی میانڕه‌و، چه‌پ و راستڕه‌و و ته‌نانه‌ت پارتێكی عه‌ره‌بیش پێكهاتوه‌، ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ دانوستان و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی فه‌ڵه‌ستین هه‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌ ، بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌ركرده‌ی پارتی لیكود و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی نوێی ئیسرائیل كه‌ نه‌فتالی بێنیت بۆ ماوه‌ی دو ساڵ و یایر لاپیدیش بۆ ماوه‌ی دو ساڵی دیكه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتو نابێت و ناتوانێت ئیسرائیل له‌ مه‌ترسییه‌كانی ئێران و حه‌ماس بپارێزێت.

ئیسرائیل له‌سه‌ر سیسته‌مێكی حكومڕانی به‌رێوه‌ده‌برێت، كه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌ی به‌ كنێسیت ناسراوه‌، ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ 120 ئه‌ندامه‌ و زۆرینه‌ی بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ وڵاته‌كه‌ له‌وێوه‌ ده‌رده‌چێت.