دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 47 دۆلار و 81 سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بۆ 47 دۆلار و 58 سەنت دابەزی و رۆژەکەی بە 47 دۆلار و79سەنت تەواو کرد. کاتژمێر 09:36ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بەڕێژەی سەدا 0،04 بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی و نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 47 دۆلار و 81 سەنت.
هاوکات بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە 45 دۆلار و سێ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
بەرەوپێشچوونە ئەرێنییەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی پێکوتی کۆرۆنا وای کرد نەوت لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا بەرزترین نرخ تۆمار بکات. هەروەها بەشێوەیەکی سنووردار ترس لە خستنەبازاڕی نەوت کەمی کرد.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەو رێوشوێنانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا گیراونەتەبەر و زیادبوونی ژمارەی توشبوووانی پەتاکە وایان کردوە کەمی خواست لەسەر نەوت بەردەوام بێت.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی زانکۆی جۆهن هۆپکینس بڵاوی کردونەتەوە، لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە 61 ملیۆن نزیکبووەتەوە و تەنها لە ئەمریکا کە گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، زیاتر لە 12 ملیۆن و 800 هەزار حاڵەتی توشبوون بە پەتاکە تۆمار کراوە.
بڕیاریشە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناسراو بە (ئۆپیک) و بەشێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی دەرەوەی رێکخراوەکە لە 31ی تشرینی دووەم- یەکی کانوونی یەکەم کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و لە بارەی سنووردار کردنی بەرهەمهێنانی نەوت گفتوگۆ بکەن.