به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ نه‌ورۆز هه‌ولێر چواره‌م سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی تۆماركرد

بۆتان عومه‌ر 10/01/2022 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

یانەی هەولێر، لەگەڵ نزار مەحروس لە ئەنجامە باشەكانی بەردەوامە و لە دهۆك پێشوازی لە یانەی نەورۆز كرد و چوارەم بردنەوەی لەسەریەكی بەدەستهێنا و بەدەستهێنا 3 خاڵی گرنگی دهۆكیان جێهێشت.

لە گەڕی 18ـی خولی نایابی عێراقدا، یانەی هەولێر كە بەهۆی سزادانەوە ناتوانێت لەسەر یاریگای خۆی یاری بكات، لە دهۆك و لەسەر یاریگای ئەو یانەیە پێشوازی لە یانەی نەرۆزی شاری سلێمانی كرد.

تەنیا 7 خولەك بەسەر یاریەكە تێپەری هەولێر لە رێگەی یاریزان شێركۆ كەریم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق گۆڵی پێشكەوتنی تۆماركرد.

هەولێر لە ئاستە بەرزەكەی بەردەوام بوو، لە خولەكی 13 رەوا یوسف یانەكەی كردەوە خاوەن ەگۆڵی دووەم.

لە خولەكی 27ـدا یاسین سامیە یانەی پایتەختی كوردستانی كردە خاوەنی گۆڵی سێیەم، گێمی یەكەم بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر كۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا راهێنەری یانەی نەرۆز چەند گۆرانكاریەكی ئەنجامدا لە پێناو راستكردنەوە یان كەمكردنەوەی ئەنجامی یاریەكە و یاریزانانی یانەكەی شاری سلێمانی بە ئامانجی گۆڵ تۆماركردن گەڕانەوە نێو لاكێشەی سەوز ، دوای چەند هەولێك ئاسۆ رۆستەم لە خولەكی 60 گۆڵی یەكەمی بۆ یانەی نەورۆز تۆماركرد

دواتر یاسین سامیە لە خولەكی 65 گۆڵی چوارەمی بۆ هەولێر تۆماركرد بەم گۆڵەش بێ‌ هیوای تەواو بە یاریزانانی نەورۆز دیاربوو.

بەر لە كۆتاییهاتنی یارییەكە بە 8 خولەك، ئاسۆ رۆستەم بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی خۆی و نەورۆزی تۆماركرد، كە گۆڵی حەوتەمی خۆی بوو لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق

یارییەكە بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ لە سوودی هەولێر كۆتاییهات، كە بەو سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی هەولێر بەرزبوویەوە بۆ 20 خاڵ و خۆی سەركەوت بۆ پلەی 11ی ریزبەندیی ، هەرچی یانەی نەرۆزە خاڵەكانی هەر لە 16 خاڵ مایەوەو و پلەی 16ـی ریزبەندیی گرتووە.

لە یاری داهاتوو نەورۆزە لە شاری سلێمانی و رۆژی شەمە 15ی مانگە میوانداری یانەی نەفتی بەسڕە دەكات كە ئەمیش لەم گەڕە بەرامبەر نەفتی میسان دووچاری شكست بوو هەروەها یانەی هەولێریش لە كەرخ و لەسەر یاریگای ئەحمەد رازی دەبێتە میوانی یانەی كەرخ.