شورتە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا چاوی لە یەکەم بردنەوەیە

بۆتان عومه‌ر 23/04/2021 - 14:53 بڵاوکراوەتەوە لە هه‌واڵی وەرزشی

یانەی شورتەی عێراقی لە چواره‌م یارییدا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، چاوی لە یەکەم بردنەوەیە کاتێک رۆژی شه‌ممه‌ بەرامبەر یانەی ئه‌هلی سعودی  یارییدەکات و یاریه‌كه‌ش كاتژمێر 08:45 له‌سه‌ر یاریگای یانه‌ سعودیه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

شورتە له‌ سێ یاری ڕابردوو دووچاری شكست بووه‌ هیوای زۆر كه‌مه‌ به‌ گه‌یشتن به‌ قۆناغی داهاتوو له‌ یاری چوونیشی به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئه‌هلی به‌ 3 گۆڵی بێ وه‌لام دووچاری شكست بووه‌.

ئەلیکساندەر ئێلیچ، راهێنەری شورتە دەڵێت " پێویستە له‌م یاریه‌  ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین، سەرەڕای ئەوەی کە رکابەرەکەمان تیپێکی بەهێزە و ئەزموونی زۆری لەم پاڵەوانێتییەدا هەیە و له‌ یاری یه‌كه‌میش به‌رامبه‌ر ئێمه‌ براوه‌ بووه‌.

زیاتر ووتی :  لە پێکهاتەکەدا چەند گۆڕانکارییەک دەکەین، گەڕانەوەی یاریزانە پێکراوەکان پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئێمە، ئەزموونمان بەرامبەر ئه‌هلی  هەیە

شورتە لە کۆمەڵەی سێیەم یارییدەکات، لەم کۆمەڵەیەدا جگە لەم دوو یانەیە، یانەکانی دحێلی قەتەری و ئیستقلالی ئێرانی یارییدەکەن و رکابەرییەکانی کۆمەڵەکە لە سعودیە ئه‌نجام ده‌درێت.