یه‌كگرتووی ئیسلامی نیوه‌ی باره‌ لاره‌كه‌ راستده‌كاته‌وه‌

24/09/2020 - 15:04 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم

له‌ئه‌گه‌ری جێگیربوونی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكه‌وتنی خۆجێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌پارێزگای دهۆك‌و ده‌ستبه‌رداربوونی قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان، یه‌كگرتووی ئیسلامی نیوه‌ باری سیاسی‌و كاركردنی سیاسی خۆی له‌شانۆی سیاسی باشووری كوردستان راستده‌كاته‌وه‌. راستكردنه‌وه‌ی سیاسی به‌مانای هه‌وڵی خۆساغكردنه‌وه‌ له‌كاری سیاسیدا له‌نێوان به‌شداری كابینه‌ی حكومی‌و حكومه‌تی خۆجێی‌و ئۆپۆزیسیۆنبوون، چونكه‌ تۆ له‌به‌شداری كابینه‌ی حكومیدا، كه‌وه‌زاره‌ته‌كان‌و شوێنی بڕیار‌و كاركردنه‌ ئۆپۆزیسیۆن بیت‌و به‌شدار نه‌بیت، به‌ڵام له‌خواره‌وه‌‌و له‌حكومه‌تی خۆجێیدا به‌شدار بیت، كه‌تاڕاده‌یه‌ك په‌راوێزیه‌‌و ده‌سه‌ڵات‌و رۆڵ‌و كاریگه‌ریش دیاریكراوه‌‌و بگره‌ رێگریشی زیاتره‌، به‌تایبه‌ت كه‌حكومه‌ت‌و زۆرینه‌ی كابینه‌ی حكومی‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی لای پارتێكی سیاسی تر بێت، ئه‌وا هیچ مانایه‌ك بۆكاركردنی سیاسی ته‌ندروست نامێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌م به‌شداربوونه‌ خۆجێییه‌ سیحری بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوونی یه‌كگرتووی ئیسلامی تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌تاڵكردبۆوه‌‌و روبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی خه‌ڵكی ده‌كرده‌وه‌. دیاره‌ ئه‌و به‌شدارییه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ئیستحقاقی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانه‌وه‌ هه‌یه‌‌و یه‌كگرتوو مافی خۆیه‌تی‌و به‌شێكیشی ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌دۆخی ناوخۆیی ئه‌و حزبه‌وه‌ هه‌بێ‌و ئێمه‌ ئاگاداری نه‌بین، به‌ڵام گه‌ر یه‌كگرتوو بیه‌وێت رۆڵی گه‌وره‌تر بگێڕێت‌و جێی ئومێدی زیاتری ئه‌ندام‌و لایه‌نگر‌و جه‌ماوه‌ریش بێت، ده‌بێ ورده‌ ورده‌ هه‌وڵبدات رێساكانی كاری سیاسی باشتر جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی به‌شداری حكومی‌و ئۆپۆزیسیۆنبووندا، ته‌نانه‌ت ده‌بێ لێره‌ به‌دواوه‌‌و له‌داهاتوودا له‌ئه‌گه‌ری به‌شداری حكومیشدا به‌مانای وشه‌ به‌شدار بێت، كه‌ئه‌مه‌ مه‌حاڵه‌ لای عه‌قڵیه‌تی حكومڕانی كورد وه‌كخۆی جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام گه‌ر وانه‌بێت ئه‌زمونی سه‌رنه‌كه‌وتووی رابردوو دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.
هاوكات راستكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی باره‌ سیاسیه‌كه‌ی تری یه‌كگرتووی ئیسلامی وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی كوردستانیشیان داوای كردووه‌ بریتیه‌ له‌كشانه‌وه‌یان له‌حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش، چونكه‌ ئه‌وه‌ی تائێستا راستده‌بێته‌وه‌ نیوه‌ی باره‌كه‌یه‌ نه‌ك هه‌مووی. ئه‌ڵبه‌ت پێشتریش وتوومه‌ یه‌كگرتوو یه‌ك له‌و حزبه‌ سیاسیانه‌یه‌، كه‌كادیری ناوه‌ندی زۆره‌‌و توانای ئیداره‌دانی ململانێ‌و نه‌فه‌س درێژیان له‌كاری رێكخراوه‌یی‌و سیاسیدا هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی له‌رابردوودا به‌هه‌ندێ هۆكاره‌وه‌ به‌شێك له‌توانا مرۆییه‌كانی ئه‌و كادیره‌ ناوه‌ند‌و سه‌ركردایه‌تیانه‌یان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌توانایاندا هه‌یه‌ دروستییان بكه‌نه‌وه‌.
بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ بۆیه‌كگرتووی ئیسلامی، كه‌له‌م كابینه‌دا به‌شدار نییه‌‌و خۆی وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن راگه‌یاندووه‌، بتوانێ تاهه‌ڵبژاردنی داهاتوو دێته‌ پیشێ‌و بیه‌وێ قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵك بكات له‌پرۆسه‌ی سیاسیدا هاوسۆز‌و پشتیوانی بن، تاكه‌مو كورتی‌و باری لاسه‌نگی سیاسی خۆت ته‌واو رێك نه‌كه‌یته‌وه‌، كه‌له‌م قۆناغه‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوونی یه‌كگرتوودا خاڵی لاوازی یه‌كگرتووی به‌شدارییانه‌ له‌به‌رپرسیارێتی حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كاندا، كه‌ جگه‌ له‌زیان سودێكی ئه‌وتۆ به‌ئاینده‌ی كاری سیاسی ئه‌م حزبه‌ ناگه‌یه‌نێت له‌رووی چه‌مكی به‌شداری سیاسی‌و ئۆپۆزیسیۆنبوونه‌وه‌ ده‌بوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بوێرانه‌تر بیانتوانیایه‌ له‌گه‌ڵ نه‌چوونه‌ حكومه‌ت بڕیاری كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كانی دهۆك‌و سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش بده‌ن، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامیش راسته‌ ناكرێ بۆ پۆست‌و دوو پۆست‌و خاتری كادیر‌و دوو كادیر ته‌واوی رۆڵ‌و ئومێدی حزبه‌كه‌ت بكه‌یته‌ تۆزی به‌ر بای ره‌شه‌بای شه‌قامی سیاسی‌و كاری سیاسی له‌كوردستان، ده‌بێ ئیدی یا له‌حكومه‌ت بی به‌هه‌موویه‌وه‌ یا له‌ده‌ره‌وه‌ بیت، ئه‌گه‌ر هاتوو بڕیارتدا ئۆپۆزیسیۆن بیت، به‌تایبه‌ت به‌شداری له‌حكومه‌تێكدا، كه‌ له‌به‌ر دزی‌و فزی‌و گه‌نده‌ڵی نه‌ك موچه‌‌و شایسته‌ی بژێوی‌و ئه‌رك‌و ماندووبوونی فه‌رمانبه‌رانی به‌ره‌وا نابینێت‌و پێی نادرێ، به‌ڵكو هێنده‌ چاوچنۆكیشه‌ ته‌ماعی كردۆته‌ موچه‌ی موچه‌خۆران‌و هه‌موو چاكسازیه‌كه‌یان له‌كه‌مكردنه‌وه‌‌و لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كورت كردۆته‌وه‌.