ده‌سته‌كانیم ماچ كردو وتم: له‌برى ده‌سه‌ڵات، من خه‌جاڵه‌تم

28/05/2020 - 16:21 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

رەزوان زەڵمی

شه‌وێك دواى جه‌ژن، له‌ناو بازار له‌ته‌نیشت عه‌ره‌بانه‌ی پیاوێكى ته‌مه‌ن 50 ساڵه‌ وه‌ستام، حه‌زم كرد له‌لاى ئه‌و چایه‌ك بخۆمه‌وه‌، ده‌سته‌كانى له‌رزۆك بووبوون، ده‌موچاوى كزو زه‌رد، خه‌مێكى سه‌یر دایگرتبوو، وه‌ك بڵێیت: ناحه‌قى ته‌نگى پێ هه‌ڵچنى بێت.

ـ غه‌ریب نه‌بوو له‌لام، به‌ڵام نه‌مده‌زانى چۆن پرسیارى لێ بكه‌م، داواى چایه‌كم كردو به‌ده‌م چاخواردنه‌وه‌ گوتم: مامه‌ جه‌نابت ساڵى 2002 ماڵتان له‌ ناحییه‌ى (.....) نه‌بوو، كه‌ گوتى: به‌ڵێ، وه‌ڵاهى خورپه‌یه‌ك دڵى گرتم، گوتم: ناشێ مامۆستا فڵان بیت، گوتى: چۆن ده‌زانى؟ په‌لامارى ده‌سته‌كانیمدا و ماچ كردو گوتم: به‌و سته‌م و زوڵمه‌ى له‌مامۆستاكانم كراوه‌ زانیم تۆیت.!

ـ مامۆستایه‌ك خاوه‌نى پێنج سه‌ر خێزان دواى نزیكه‌ى سى ساڵ خزمه‌ت، ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێك شكۆى بشكێنێت، ناچارى بكات عه‌ره‌بانه‌ دابنێت و چا بفرۆشێت؟ هى ئه‌وه‌یه‌ بروانامه‌كه‌ت یه‌ك تفى لێ بكه‌یت، چونكه‌ له‌ بڕوانمه‌ى مامۆستاكه‌ت رێز لێگیراوتر نابێت.

ـ هه‌موو ئیشێك شایه‌نى رێزه‌ به‌تایبه‌ت چاخانه‌و ده‌ستگێره‌ به‌رێزه‌كان، به‌ڵام قه‌رار بوو مامۆستا ته‌ربیه‌تمان پێ بدات نه‌ك چا.. وه‌ڵاهى هێنده‌ شه‌رمم ده‌كرد نه‌مده‌زانى چۆن ده‌ست بكه‌م به‌گیرفانمدا و250 دیناری چاكه‌ى پێ بده‌م، گوتم: مامۆستاكه‌م ، ده‌ستم گۆ ناكات پاره‌ بده‌م به‌ كه‌سێك كه‌ به‌ته‌مه‌نم ناتوانم قه‌رزى سه‌رشانمى بده‌مه‌وه‌.

ـ وه‌ك رۆژانى خوێندنم له‌سه‌ره‌تایی ئامۆژگارى كردم به‌وه‌ى، ئاگادارى خۆم بم، داواى مافى خۆم بكه‌م، زوڵم قبوڵ نه‌كه‌م، له‌گه‌ڵ سته‌مكاران نه‌بم، رێزى دایك و باوكم و مامۆستاكانم بگرم... دواجار، توند یه‌كمان له‌ئامێز گرت و به‌دڵێكى شكاوو خه‌مباره‌وه‌ خوا حافیزمان له‌یه‌كدى كرد