له‌ چین بەهۆی لافاوەوە لە هەرێمی چینگهای ١٦ کەس گیانیان لەدەست دا

خوبه‌یب گه‌ردی 18/08/2022 - 12:49 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

ديجيتال ميديای سپێده‌

لە هەرێمی چینگهای باکووری رۆژئاوای چین، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە، لافاو دروست بوو و لە ئاکامدا، ١٦ کەس گیانیان لەدەست دا و ٣٦ی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتی کارەساتی سروشتی و دۆخی لە ناکاوی هەرێمەکە لە شارەکانی داتۆنگ هوی و تووی سەربە پارێزگای شینینگ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لافاو هەستاوە.

بەهۆی لافاوەکەشەوە زەنگی ئاگادارکردنەوەی پلە دوو لێدراوە و تا ئێستاش ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٦ی دیکەش بێسەروشوێنن.

فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی هەرێمی چینگهای، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، تیمێکی ٦٠٠ کەسی رەوانەی ناوچەکە کرد.

بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرمایەی ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری چینی گرتووەتەوە، پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی ٦٠ ساڵی رابردوو، دروستبوونی لافاویش لە بانی تیبت-چینگهای، نیشانەیەکی دیاری گۆڕانی ئاووهەوایە.