زێلێنسكی: "بێگومان داگیرکەران ناچار دەبن کریمیا بەجێبهێڵن"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 25/05/2022 - 14:49 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی: "هەزار و 16 ناوچەی نیشتەجێبوون لە داگیرکاریی رزگارکران".

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، لەشکرکێشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە کریمیاوە دەستی پێ کردووە و لە کۆتاییدا سوپای رووسیا ناچار دەبێت لەم ناوچەیە بکشێتەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلگرام بڵاوی کردووەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ مانگی سێیەمی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کردووە کە لە ٢٤ی شوباتەوە دەستی پێ کردووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە دا کە لە 90ەمین رۆژی جەنگدا، سوپای ئۆکرانیا بەردەوامە لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی خۆی لەدژی رووسیا و گوتی: "ئەمە تاوانی جەنگی سێ مانگی داگیرکەرانی رووسیایە، سێ مانگی پڕاوپڕ لە هێرش و وێرانکاری و گەمارۆدان".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە دا، تەواوی ئەو 15 هەزار و 227 سەرباز و پۆلیس و بەرپرسە ئۆکراینییانەی لەو 90 رۆژەی کە شەڕ بەردەوام بووە بەرگرییان لە خاک و وڵات کرد، شایستەی خەڵاتی پاڵەوانی دەوڵەتن و ناوبراو جەختی لەوە کردەوە بەردەوامن لە خەبات بۆ رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هەزار و 16 ناوچەی نیشتەجێبوونی ئۆکراینایان لە داگیرکاریی رزگار کردووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلی ئۆکرانیا لەم پرۆسەیەدا بەرگری لە خاک و نیشتمان کردووە بە بەخشینی خوێن و قوربانیدان گوتی: "ئەو کەسانەی لە ئۆکرانیا لەلایەن داگیرکەرانەوە کوژران و لە پێناو نیشتمان خوێنیان بەخشی تاهەتایە لە یاددا دەمێنن".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شوێگۆ دەربڕی کە ئاماژەی بەوە کردبوو بە ئەنقەست هەوڵی خاوکردنەوەی "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت" دەدەن لە ئۆکرانیا، ناوبراو لەم بارەیەوە گوتی: "رووسیا لە ماوەی سێ مانگەکەدا، شکستی هێناوە و ئێستاش هەوڵدەدەن "بیانوو" بدۆزنەوە".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند "لە دەستپیکی جەنگەوە تا ئەمرۆ نزیکەی 30 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون، زیاتر لە 200 فڕۆکە خراونەتە خوارەوە و هەزاران تانک و زرێپۆش تێکشکێنردراون. رووسیا خەریکە بەتەواوی تەقەمەنی تەواو دەبێت و دەیانەوێت بە بەهانەکانیانەوە ئەمە پەردەپۆش بکەن".

زێلێنسکی هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە رووسیا باش دەزانێت کە لە دۆنباس سەرکەوتوو نابێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەموو دەسەڵاتی خۆی کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی ئەو شوێنە داگیر بکات، گوتیشی: "ئێستا دۆخەکە لە دۆنباس لەڕادەبەدەر قورسە. نزیکەی هەمووی دەسەڵاتی سەربازیی رووسیا کە ماوەتەوە بۆ ئەوێ گواستراوەتەوە".

سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە خەبات و بەرگریی ئۆکرانیا لە راستیدا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ سەقامگیری هەموو جیهان، رایگەیاند کە لە شەڕەکەدا پێویستیان بە چەکی قورس هەیە و لەو رووەوە داوای هاوکارییان کردووە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هەروەها رایگەیاند کە بەردەوامە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی دارایی پێویست بۆ ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای فراوانتر بەسەر رووسیادا.

سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا لە کریمیاوە دەستی بە لەشکرکێشی بۆسەر ئۆکرانیا کردووە، گوتی: "لەشکرکێشی رووسیا لە کریمیاوە دەستی پێ کرد. ئەمە یەکەم بڕگە نەبوو لە لیستی هەڵەکانی دەوڵەتی رووسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا، بەڵکو یەکەم بڕگە بوو کە هەڵەی کوشندە بوو بۆ خودی رووسیا. هەر دوای ئەوە بوو کە رووسیا هەنگاوی هەڵەی دیکەی نا. هەموو ئەمانە دەبنە هۆی لاوازبوونی رووسیا. بێگومان داگیرکەران دەبێت کریمیا بەجێبهێڵن".

زێلێنسکی بە ئاماژەدان بەوەی کە دەبێت سوپای رووسیا لە ماریوپۆل و خێرسۆن و شارەکانی دیکە بکشێنەوە کە بەشێوەیەکی کاتی لەلایەن رووسەکانەوە داگیرکراون، گوتی: "بەدڵنیایییەوە ناتوانن ببنە خاوەنی ئەو شوێنانە".