دیجیتال میدیای سپێده
حکوومەتی کاتیی تاڵیبان، بۆ خستنهگهڕی خزمەتگوزارییەکانی مامەڵەی زەمینی لە سێ فڕۆکەخانەی ئەفغانستان رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیماراتدا واژووکرد.
بەپێی ئەو پەیامەی کە گوتەبێژی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان، بیلال کەریمی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، رێورەسمی واژووکردنەکە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی حکوومەت لە کابوڵی پایتەخت بە ئامادەبوونی بریكاری جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان، مەلا عەبدولغەنی برادەر، بریکارانی وەزیرەکان و بەرپرسە ئیماراتییەکان بەڕێوەچووە.
عەبدولغەنی برادەر لە میانی گوتارێکیدا کە لە رێورەسمەکەدا پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە تاڵیبان دەیەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ سەرجەم وڵاتەکاندا درووستبکات.
برادەر گرنگیی خستنهگهڕی ئەو فڕۆکەخانانەی خستووەتهڕوو، و ئاماژهی بهوه كردووه ئەو رێککەوتنەیان لەگەڵ ئیمارات دڵنیایی دەداتە ھێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پارێزراو بەردەوامی بە گەشتەکانیان بدەن بۆ ئەفغانستان.
بریكاری جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان، ئاماژەی بەوەش کردووه کە تاڵیبان کار دەکات لەسەر گەشەپێدانی ئابووریی ئەفغانستان و گرەنتی ئاسایشی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە لە وڵاتەکەدا وەبەرھێنان دەکەن.
گوتەبێژی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردووه کە خستنهگهڕی خزمەتگوزارییەکانی مامەڵەی زەمینی لە فڕۆکەخانەکانی کابوڵ، ھەرات و قەندەھار رادەستی کۆمپانیای (GAAC/G42)ی ئیماراتی کراوە.
ھاوکات گفتوگۆکان سەبارەت بە بابەتەکانی کۆنتڕۆڵی ئاسمانی و خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش لەگەڵ وڵاتەکاندا بەردەوامە.
دوای ھاتنی تاڵیبان بۆ سهر دەسەڵات لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا خستنهگهڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوڵ، حامید کارزای کە خاوەنی ستراتیژییەکی گرنگە لە ئەفغانستان، ببووە بابەتی رۆژەڤ.
ھەرچەندە گەشتی ناوخۆیی و دەرەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ کراوەیە بەڵام زۆربەی ئەو ھێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییانەی کە پێشتر گەشتیان بۆ کابوڵ دەکرد ھێشتا گەشتەکانیان نەگەڕاندووەتەوە دۆخی ئاسایی.
ئیمارات لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەفغانستانیشدا ھەماھەنگی لە خستنهگهڕی ژمارهیهك ناوچهی فڕۆکەخانەکاندا کردبوو.