سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا: "ئۆکراینا ناچارە لەم جەنگەدا سەربکەوێت"

24/05/2022 - 17:54 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، رایگەیاند "ئۆکراینا ناچارە لەم جەنگەدا سەربکەوێت و دەبێت دەستدرێژییەکانی (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین ببێتە شکستێکی ستراتیجیی".

ئورسولا ڤۆن دێر لاین لە میانی وتارێکیدا لە دانیشتنی تایبەتی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی ناسراو بە لووتکەی داڤۆس، بەشێوەیەکی سەرەکی ئاماژەی بە دۆخی ئۆکراینا کرد.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە دانیشتنەکەدا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (WEF)، کلاوس شواب بەڕێوەچوو گوتی: "ئەوە تەنیا پرسی مانەوەی ئۆکرانیا نییە. ئەمە تەنها پرسی ئاسایشی ئەورووپا نییە. ئەمە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتییمان. هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی رووسیا ئەرکی هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە".