لوبنان: زیانە ماددییەکانی تەقینەوەکە 15 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

13/08/2020 - 09:45 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

 

ديجيتاڵ میدیای سپێده‌

زیانه‌ ماددییه‌كانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له‌به‌یروت-ی پایته‌خت رووی دا، 15 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی لوبنان NNA بڵاوی كرده‌وه‌: كه‌پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و زیانه‌ ماددیانه‌ی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، 15 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندبێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا یه‌كه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی لوبنان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌: له‌چواری ئابه‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ روویداوه‌، ده‌ستكراوه‌ به‌كاره‌كانی دیاریكردنی زیانه‌كان.

راشیگه‌یاندوه‌: تا ئێستا، سێ هه‌زار و 972 بینا وچوار هه‌زار و 214 ئۆتۆمبێل زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ وهێشتا كاره‌كانی دیاریكردنی زیانه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌. ئاشكرایكرد: تا ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی 40 كه‌س به‌تۆمه‌تی دزیكردن له‌ناوچه‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ ده‌ستگیركراون.

ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌: تیمێكی پسپۆڕ دروستكراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ناسنامه‌یان دیار نییه‌ له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی بێ سه‌روشوێنان.

له‌چواری ئابدا له‌به‌نده‌ری به‌یروت سه‌ره‌تا ئاگر له‌كۆگای ژماره‌ 12ی به‌نده‌ره‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ كه‌مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی تیادا هه‌ڵگیرابوو، پاشان ته‌قینه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌هێز رووی دا كه‌هه‌موو به‌یروتی هه‌ژاند. و 171 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، 30-40 كه‌س بێ سه‌روشوێنن ونزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كه‌س برینداربوون كه‌ 120یان له‌ژێر چاودێری چڕدان.