تره‌مپ: ره‌نگه‌ پێش‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا پێكوته‌ی كۆرۆنا ئاماده‌بێت

06/08/2020 - 20:17 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپپێده‌

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ئاشكرایكرد رێگه‌ی تێده‌چێت به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی له‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ سێی تشرینی دووه‌مدا، پێكوته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)یان له‌به‌رده‌ستدا بێت.

دۆناڵد تره‌مپ له‌میانی به‌شدارییكردن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی رادیۆییدا، روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی په‌رەپێدان به‌ پێكوته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) دا.

تره‌مپ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ له‌پێناو رزگاركردنی ژیانی خه‌ڵكدا ده‌ستوبردیان كردووه‌ و رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر سه‌رۆكێكی دیكه‌ بووایه‌ له‌جیاتی من، تا دوو ساڵ نه‌تانده‌توانی باس له‌ پێكوته‌ بكه‌ن. ئێوه‌ ئه‌مه‌ ده‌زانن.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ كار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كات و رایگه‌یاند: ئه‌مه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ ناكه‌م. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ كاره‌ راسته‌كه‌یه‌، ده‌یكه‌م. له‌پێناو رزگاكردنی ژیانی خه‌ڵكدا ده‌یكه‌م.

دۆناڵد تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كاره‌كانی په‌رەپێدان به‌ پێكوته‌ به‌خێرایی به‌ڕێوه‌ده‌چن و چاوه‌ڕوانن به‌ر له‌ كۆتایی ساڵ پێكوته‌كه‌یان له‌به‌رده‌ستدا بێت و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ پێكوته‌كه‌ چه‌ند زووتر ئاماده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ باشتره‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری "ئایا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سێی تشرینی دووه‌م پێكوته‌كه‌ ئاماده‌بێت؟" تره‌مپ رایگه‌یاند: "له‌ هه‌ندێك دۆخدا به‌ بڕوای من به‌ڵێ. رێگه‌ی تێده‌چێت پێكوته‌كه‌ به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌بێت. كۆمپانیاگه‌لی گه‌وره‌مان هه‌ن. ئه‌م كۆمپانیایانه‌ باشترینه‌كانی جیهانن".