زه‌ریف : ئه‌مریكا و ئێران به‌ هۆى پیاوێك زۆر نزیك بوون جه‌نگ به‌رپابكه‌ن 

15/02/2020 - 08:55 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاشكرایكرد ، وڵاته‌كه‌ى زۆر نزیك بوو جه‌نگ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا به‌رپابكات ، پاش ئه‌وه‌ى جه‌نه‌ڕاڵ قاسم سلێمانى له‌ مانگى رابردوو له‌ بۆردومانى فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى ئه‌مریكا كوژرا ، دۆناڵد تڕه‌مپیشى به‌ هۆكارى سه‌ره‌كى گرژى نێوان ته‌هڕان و واشنتن دانا .

له‌ چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ تۆڕى هه‌واڵى "ئێن بى سى نیوز "دا ، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند :" ئه‌مریكا به‌هۆى فیز و لوتبه‌رزى ، خه‌ریك بوو ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك ببات ، كه‌ زۆر نزیك بوو به‌ره‌و هه‌ڵدێر بچێت " .

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ووتیشى :" ئێران و ئه‌مریكا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دواییه‌ ، په‌یامى توڕه‌ییان گۆڕییه‌وه‌ ، كه‌ له‌ دواى " كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ "ى ئه‌مریكا به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان ئه‌نجامیدا ، له‌ ئه‌نجامدا فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس قاسم سلێمانى كوژرا " .

محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران دووپاتیكره‌وه‌ " هه‌ردوولا زۆر نزیك بوون جه‌نگێك به‌رپابكه‌ن " ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد " ئه‌مریكا به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیارى چه‌واشه‌كارى ، روو له‌ نه‌زانى و لوتبه‌رزى كرد ، نزیكیش بوو ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و جه‌نگ و هه‌ڵدێر ببات " .

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر