شاره‌زایانى ئه‌مریكا : پلانى تڕه‌مپ بۆ ئاشتى نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان به‌ مردوویى له‌ دایك ده‌بێت

28/01/2020 - 12:18 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

زۆرێك له‌ شاره‌زایانى ئه‌مریكا پێش رایگه‌یاندى پلانى دۆناڵد تڕه‌مپى سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌یان كه‌وتن و رایانگه‌یاند ، ئه‌و پلانه‌ شكست دێنێت و به‌ مردوویى له‌دایك ده‌بێت ، پلانه‌كه‌ش گوایه‌ ئاشتى بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دابین ده‌كات و  به‌ رێككه‌وتنى سه‌ده‌  ناسراوه‌ ، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رابگه‌یه‌ندرێت .

شاره‌زایانى ئه‌مریكا ده‌ڵێن ، ئه‌وه‌ى تڕه‌مپ به‌ پلانى ئاشتى داده‌ندێت ، ئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى ده‌بێت و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات و لایه‌نه‌كانیش له‌ پڕۆسه‌ى ئاشتى دوور ده‌خاته‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تى له‌گه‌ڵ پشتگوێخستنى پڕه‌نسیپى دروستكردنى دوو ده‌وڵه‌ت .

دانیال شابیرۆى باڵوێزى پێشووى ئه‌مریكا له‌ ئیسرائیل له‌ سه‌رده‌مى باڕاك ئۆباما بڕواى وایه‌  ئێستا هیچ بیانوێك نیه‌ بۆ راگه‌یاندنى رێككه‌وتنى سه‌ده‌ ، هیچ حكومه‌تێك له‌ ئیسرائیل بوونى نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت و ، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش ده‌یزانین ، فه‌له‌ستینییه‌كانیش ئه‌م پلانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌  .

مارتن ئیندیكى یاریده‌ده‌رى پێشووى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و نێرده‌ى پڕۆسه‌ى ئاشتى رایگه‌یاند  سووربوونى تڕه‌مپ بۆ راگه‌یاندنى رێككه‌وتنى سه‌ده‌ ، به‌ر له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئیسرائیل ئه‌نجامبدرێن و ، به‌ بێ بوونى لایه‌نى فه‌له‌ستینى ، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ، ئه‌مه‌ پلانى ئاشتى نیه‌ ، به‌ڵكو له‌سه‌ره‌تاوه‌ تاكو كۆتایى یارییه‌كى قێزه‌ونه‌  ، ووتیشى  خستنه‌رووى پلانه‌كه‌ ، شكستى له‌خۆگرتووه‌ ، ره‌تكردنه‌وه‌ى فه‌له‌ستینییه‌كانیش ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌كوژێت و هیچ حكومه‌تێكى ئیسرائیلی ناتوانێت به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مه‌ قه‌بوڵ بكات .

 

داڕشتنه‌وه‌  هیوا قادر