بەیانی ئەمڕۆ، بەرمیلێک خاوی برێنت بە 70 دۆلار و 77 سەنت فرۆشرا

30/11/2021 - 14:38 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٧٠ دۆلار و ٧٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٧٧ دۆلار و دوو سەنت و رۆژەکەی بە ٧٣ دۆلار و ٢٢ سەنت تەواو کرد.

کاتژمێر ٠٩:٣٧ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٣،٣٥ دابەزینیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٧٠ دۆلار و ٧٧ سەنت فرۆشرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٧ دۆلار و ٦٩ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

باس لەوەش دەکرێت کە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری جیهان دروست کردووە و بووەتەهۆی دابەزینی نرخی نەوت.

بڕیاریشە رۆژی دووی کانوونی یەکەم، ئەندامانی ئۆپیک پڵەس بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی بازاڕ و قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی کانوونی دووەمدا، کۆببنەوە.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئالێکساندەر نۆڤاک دوێنێ لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، باسی لەوە کرد کە لە بازاڕی نەوتدا هیچ رێوشوێنێکی بەپەلە نییە کە پێویست بێت بەهۆی شەپۆلی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە بگیردرێتەبەر.

هەروەها وەزیری وزەی سعوودیە، عەبدولعەزیز بن سەلمان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "Arab News" باسی لەوە کرد کە تا ئێستا ئاشکرا نییە شەپۆلی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کاریگەری لەسەر نەوت دروست کردبێت.