دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە داوا لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن دەکەن بەردەوامبن لە سەر کۆبوونەوەکانی تایبەت بە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە ناوەندی نەھرێن بۆ توێژینەوەکانی ستراتجیی، بابەتێکی بەناونیشانی (دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم سیاسیەتی دەرەوە) پێشکەشکردووە و تیایدا سەبارەت بە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن دوا و گوتوویەتی:"داوا لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن دەکەن بەردەوامبن لەسەر کۆبوونەوەکانی تایبەت بە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن".
فوئاد حوسێن هەروەها داوای لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کردووە، شاندێکی نوێی دانوستانکار پێکبھێنێت تا لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە گفتوگۆی ستراتیجیی لەگەڵ شاندی عێراق سەبارەت بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، گفتوگۆ بکەن.
پێشتر لەسەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دوو قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجیی لە نێوان شاندی ئەمریکا و عێراق سازکرابوون.
قۆناغی یەکەم لە ١١ی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، لە بەغدا سازکرا بوو کە تیایدا سەبارەت بە کۆمەڵێک تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەوانە ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە و بابەتە سیاسیی و کولتوورییەکان.
قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ١٩ی مانگی ئابی ساڵی رابردوو لە واشنتۆن سازکرابوو کە تیایدا جەخت لەسەر شەراکەتی ستراتیجیی درێژمەودای نێوان ھەردوو وڵات کرایەوە ئەویش لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق و بەڵێنی بەغدا بۆ پاراستنی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق.
لە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجییدا، ئەمریکا پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق لە میانی ھەماھەنگیی ئەمنی دووقۆڵیی و ھاوکاریکردن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان عێراق بۆ شکستھێنان بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و جەختی کردبووەوە کە بەردەوام دەبێت لە مەشق و پاڵپشتیکردنی ھێزە عێراقییەکان.
ھەر لە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجییدا، ھەردوولا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دوای ئەو سەرکەوتنانەی کە ھەردوو وڵات لە قۆناغی یەکەمی شەڕی دژبە داعش بەدەستیان ھێناوە، لەگەڵ مانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ مەشق و پێشکەشکردنی زانیاری ھەواڵگریی بە ھێزەکانی عێراق.