دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکۆماری ئازەربایجان دژ بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی فەڕەنسا بۆ قەرەباغ ناڕەزایەتی دەربڕی.
سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عالیێڤ لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی ناوەندە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵی 2020، باسی لەو سەردانانە کرد کە بەبێ مۆڵەتی ئازەربایجان بۆ ناوچەی قەرەباغ ئەنجامدەدرێن.
عالیێڤ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە پێشتر بە لایەنە رووسییەکانیان راگەیاندوە هاووڵاتی هیچ وڵاتێک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە ئازەربایجان ناتوانێت بچێتە ناوچەی قارەباغ و گوتی: "بەداخەوە بە مۆڵەتی لایەنە رووسییەکان پەرلەمانتارانی فەڕەنسا چوونە قەرەباغ. لە ئەنجامدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە باکو بانگکرایە وەزارەتی دەرەوە و هۆشداری پێدرا. ئێمە لە بەرامبەر ئەم کارانەدا بێدەنگ نابین".
سەرکۆماری ئازەربایجان باسی لەوەش کرد کە وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، ئارا ئایڤازیان سەردانی ناوچەی قەرەباغ-ی کردوە و رایگەیاند: "باشە وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا ئیشی چییە لەوێ؟ لەبیری نەکەن کە لە شەڕدا مشتێکی پۆڵاینتان بەرکەوت. هۆشداری ئەوە دەدەینە ئەرمینیا کە پێویستە ئەم سەردانانە بوەستێندرێن. ئەگەر هەنگاوی بەلاڕێدابەری لەم شێوەیە رووبدات ئەرمینیا زۆر زیاتر پەشیمان دەبێتەوە".
عالیێڤ، ئاماژەی بەوەشدا کە بە نێوەندگیری رووسیا چەند هەنگاوێک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان گیراونەتەبەر و رایگەیاند: "ئەگەر پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە چ پێویست بەم سەردانە چەواشەکارانانە دەکات؟ دەیانەوێت چی نیشانبدەن؟ دەیانەوێت ئێمە بەلاڕێدابەرن؟ ئەوەیان لەبیرنەچێت کە ئەم هەنگاوانە بە گران لەسەریان تەواو دەبێت. هەربۆیە پێویستە ئەم سەردانانە بوەستێندرێن و جگە لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی هیچ هاووڵاتییەکی بیانی بەبێ مۆڵەتی ئێمە مافی ئەوەی نییە بچێتە ناوچەی قەرەباغ".