له‌ نێوانیان چایه‌یه‌.. له‌ كاتى ده‌رمان وه‌رگرتن خۆت له‌و خواردنه‌وانه‌ بپارێزه‌ 

29/02/2020 - 11:42 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

هه‌ندێك له‌ خواردنه‌وه‌ نابێت له‌گه‌ڵ ده‌رمان یان له‌ دواى وه‌رگرتنى ده‌رمان بخورێنه‌وه‌ ، چونكه‌ مرۆڤ دووچارى دڵه‌كوتێ یان به‌رزبوونه‌وه‌ى فشارى خوێن و ته‌نانه‌ت رشانه‌وه‌ش ده‌كه‌ن .

ئه‌و خواردنه‌وانه‌ش ، كه‌ ده‌بێت خۆیان لێ دووربگرین له‌ كاتى وه‌رگرتنى ده‌رمان ، بریتین له‌ قاوه‌ و چایه‌ و شیر ، هه‌روه‌ك ماڵپه‌ڕى (ئاڕ تى ) زانیارى له‌ تۆماس بڕۆكنزى پزیشكى ده‌رمانساز گواستووه‌ته‌وه‌ ، كه‌ پسپۆڕه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ى فیدڕاڵى بۆ پیشه‌سازى ده‌رمان له‌ ئه‌ڵمانیا .

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و شله‌یه‌ى ده‌رمانى پێده‌خورێته‌وه‌ رۆڵێكى گرنگ ده‌گێڕێت ، چونكه‌ كاریگه‌رى بۆ سه‌ر چالاكى ده‌رمانه‌كه‌ یان بۆ كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ده‌بێت .

شیر.. زۆر به‌سوده‌ بۆ جه‌سته‌ ، به‌ڵام له‌ لیستى ئه‌و خواردنه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوانه‌یه‌ ، كه‌ خواردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌رمان گونجاو نیه‌ . چونكه‌ شیر كانزاى كالسیۆمى به‌سودى بۆ جه‌سته‌ له‌خۆگرتووه‌ ، بۆیه‌ نابێت له‌كاتى وه‌رگرتنى ده‌رمان شیر بخورێته‌وه‌ .

هه‌ندێك پێكهاته‌ش له‌ ده‌رماندا بوونیان هه‌یه‌ ، كاتێك شیریان له‌گه‌ڵ ده‌خورێته‌وه‌ ، به‌ ئاسانى ئه‌و پێكهاتانه‌ ناتوێنه‌وه‌ ، وه‌كو ده‌رمانى دژه‌زینده‌كى ، جه‌سته‌ى مرۆڤیش بێ توانا ده‌بێت له‌ مژینى ئه‌و مادده‌ كاریگه‌ره‌ى له‌ نێو ده‌رمانه‌كه‌یه‌ ، واتا ئه‌وكات ده‌رمانه‌كه‌ له‌ كاركردنى بۆ سه‌ر نه‌خۆشییه‌ جه‌سته‌ییه‌كه‌ ، چالاك نابێت یان كاریگه‌رى ته‌واوى خۆى دروست ناكات .

سه‌باره‌ت به‌ خواردنه‌وه‌ى قاوه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌رمان یان له‌ دواى وه‌رگرتنى ده‌رمان ، قاوه‌ كافایینى له‌خۆگرتووه‌ و ئه‌م مادده‌یه‌ش ووریاكه‌ره‌وه‌یه‌ و مرۆڤ له‌ خه‌واڵویی رزگار ده‌كات و ناوه‌نده‌ كۆئه‌ندامى ده‌مار هانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى كارێكى نه‌ویستراو له‌گه‌ڵ ده‌رمان دروستبكات ، ئه‌نجامه‌كه‌شى بریتى ده‌بێت له‌ دڵه‌ڕاوكێ و دڵه‌كوتێ و به‌رزبوونه‌وه‌ى فشارى خوێن .

پسپۆڕانى ده‌رمان رێنماییمان ده‌كه‌ن ، ده‌رمان له‌گه‌ڵ شه‌ربه‌تى سندى نه‌خۆین ، چونكه‌ ئه‌و میوه‌یه‌ ئاوێته‌ى (فۆرۆكۆمارین ) و (فلاڤۆنۆید )ى له‌خۆگرتووه‌ ، ئه‌م ئاوێتانه‌ش بۆ جه‌سته‌ به‌سودن ، به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ ده‌رمان بخورێت ، رێگرى له‌و ئه‌نزیمه‌ ده‌كات ، كه‌ له‌ جه‌سته‌ پێكهاته‌كانى ده‌رمان ده‌توێننه‌وه‌ .

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر