له‌ چه‌ند ولایه‌تێك ده‌ركه‌وتووه‌.. ئه‌مریكییه‌ مردووه‌ و (8)ى دیكه‌ش دووچارى سالمۆنێلا هاتوون

11/11/2019 - 09:46 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

كه‌سێك گیانیله‌ده‌ستداوه‌ و (8) كه‌سى تریش گواستراونه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ ، پاش ئه‌وه‌ى دووچارى به‌كتریاى "سالمۆنێلا " هاتوون ، ئه‌مه‌ش له‌ چه‌ند ولایه‌تێكى ئه‌مریكا ده‌ركه‌وتووه‌ .
ئه‌م به‌كتریایه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆشتى پارچه‌پاچه‌كراوى چێڵ ، به‌ شێوه‌یه‌كى گشتیش له‌ مه‌ڕ و ماڵات بوونى هه‌یه‌ ، له‌وانه‌یه‌ دووچارى مرۆڤ بێت ، سه‌نته‌ره‌كانى قه‌ڵاچۆكردنى نه‌خۆشییه‌كان و خۆپارێزى و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى ئه‌مریكا و ، به‌رپرسانى ته‌ندروستى گشتى به‌ دواى رێگه‌چاره‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێن و ، ده‌یانه‌وێت هۆكارى بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌كتریاى "سالمۆنێلا " له‌و شه‌ش ولایه‌ته‌ى وڵاته‌كه‌ بزانن .
رۆژنامه‌ى " یو ئێس توداى " ئه‌مریكى باسیكردووه‌ ، تاكو ئێستا چاودێرى (10) حاڵه‌ت كراوه‌ ، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش دووچاربوونه‌ به‌ به‌كتریاى سالمۆنێلاى په‌یوه‌ست به‌ گۆشتى چێڵ ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ، هه‌شت كه‌س له‌ دووچاربووان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و كه‌سێكیش گیانیله‌ده‌ستداوه‌ .
نیشانه‌كانى سالمۆنێلا
ئه‌و به‌كتریایه‌ ده‌بێته‌ هۆى هه‌وكردنى سوڕى خوێن و ، نیشانه‌كانى بریتین له‌ سكچوون و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى له‌ش و گرژبوونى گه‌ده‌ و ، به‌ شێوه‌یه‌كى گشتیش بۆ ماوه‌ى چوار تاكو حه‌وت رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت .
یه‌ك حاڵه‌ت له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ته‌كساس و ئۆكلاهۆما و ئه‌یوا و ، دوو حاڵه‌تیش له‌ كالیفۆڕنیا و كانساس و ، سێ حاڵه‌تیش له‌ كۆلۆرادۆ تۆماركراون ، كه‌سێكیش له‌ كالیفۆڕنیا گیانیله‌ده‌ستداوه‌ ، تاكو ئێستاش به‌رپرسانى ته‌ندروستى سه‌رچاوه‌یه‌كى دیاریكراویان دیارینه‌كردووه‌ ، كه‌ هۆكارى بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌كتریاى سالمۆنیڵا بێت .

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر