توێژینه‌وه‌یه‌ك : عاره‌بانه‌كان منداڵانى شیره‌خۆر رووبه‌ڕووى هه‌واى پیس ده‌كه‌نه‌وه‌ !

30/10/2019 - 09:33 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

توێژینه‌وه‌یه‌كى نوێ هۆشدارى داوه‌ له‌ مه‌ترسى عاره‌بانه‌ى منداڵانى شیره‌خۆر ، چونكه‌ رووبه‌ڕووى رێژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى پیسبوونیان ده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌و پیسبوونه‌ش كه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ (60%)ى زیاتر له‌و پیسییه‌ى رووبه‌ڕووى گه‌وره‌كان ده‌بێته‌وه‌ .
شاره‌زایان ده‌ڵین :" منداڵانى شیره‌خۆر دووچارى هه‌واى پیس ده‌بن ، له‌وكاته‌ى له‌ نێو عاره‌بانه‌دا و ، دایكیان یان باوكیان پاڵیان پێوه‌ده‌نێن ، له‌و كاته‌دا منداڵان نزیكترن له‌ رووى زه‌وى ، له‌ پاشان ئه‌وان زیاتر رووبه‌ڕووى دووكه‌ڵى ئۆتۆمبێل ده‌بنه‌وه‌ ، ئه‌و دووكه‌ڵه‌ى هه‌وا پیس ده‌كات ".
توێژه‌ران له‌ سه‌نته‌رى جیهانى بۆ هه‌واى پاك له‌ زانكۆى "سرى " به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون ، منداڵانى شیره‌خۆر و بچوك ، كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌واى پیسیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ، چونكه‌ جه‌سته‌یان بچوك و لاوازه‌ و له‌ قۆناغى گه‌شه‌كردندان .
ئه‌وه‌شیان باسكردووه‌ ، هه‌واى پیسى سه‌ر رێگه‌كان ئاستێكى به‌رزى توخمى ژه‌هراویان له‌خۆگرتووه‌ ، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م هه‌وایه‌ پیسه‌ كاریگه‌رى هه‌بێت له‌سه‌ر گه‌شه‌ى مێشكى منداڵى شیره‌خۆر .
بۆ خۆلادان له‌و مه‌ترسییه‌ ، ئاماده‌كارانى توێژینه‌وه‌كه‌ به‌ پێویستیان داناوه‌ ، دایكان و باوكان منداڵه‌ شیره‌خۆره‌كانیان له‌ رێگه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان دووربخه‌نه‌وه‌ ، رووپۆشێك له‌سه‌ر عاره‌بانه‌ى منداڵه‌كانیان دابنێن ، بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى ئه‌و هه‌وایه‌ پیسه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى منداڵه‌كانیان ده‌بێته‌وه‌ .
توێژه‌ران چاویان به‌ به‌ڵگه‌كانیان خشانده‌وه‌ ، بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ منداڵانى شیره‌خۆر له‌وكاته‌ى له‌ نێو عاره‌بانه‌كانیاندان ، له‌ ئاستێكى نزم و نزیك له‌ زه‌وى هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ن ، دووریان له‌ رووى زه‌وى ته‌نها نیو مه‌تر یان (85) سه‌نتیمه‌تره‌ ، به‌م جۆره‌ش به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رز رووبه‌ڕووى هه‌واى پیس ده‌بنه‌وه‌ .
ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ، ئاستى پیسبوونى هه‌وا له‌ نزیك رووى زه‌وى زۆر زیاتره‌ له‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كان به‌ تایبه‌تى له‌وكاته‌ى كه‌ نزیكییه‌كه‌ له‌ یه‌ك مه‌تر كه‌متر بێت ، منداڵانیى شیره‌خۆریش له‌وكاته‌ى له‌ نێو عاره‌بانه‌كانیاندا له‌ زه‌وییه‌وه‌ نزیكن ، هه‌ر بۆیه‌ منداڵانى شیره‌خۆر به‌ به‌راورد به‌ گه‌وره‌كان رووبه‌ڕووى (60%)ى هه‌واى پیس ده‌بنه‌وه‌ ، ئه‌و هه‌وایه‌ى به‌ ته‌نۆلكه‌ى وورد پیسبووه‌ .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر