وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى : رێكاره‌كانى خۆپارێزى و پشكنین له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان وه‌كو پێشوون

20/02/2020 - 09:15 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

 

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى گیانله‌ده‌ستدانى دوو هاوڵاتى ئێرانى به‌ ڤایرۆسى كۆڕۆناى نوێ ، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایكرد ، هیچ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌ر رێوشوێنى پێشوازیكردن له‌ هاوڵاتیانى ئێرانى نه‌هێناوه‌ ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ، هه‌مان رێكاره‌كانى خۆپارێزى له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌به‌ر .

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان ، كه‌ كۆپییه‌كى ده‌ست " دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ " كه‌وتووه‌ هاتووه‌ :" روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ راى گشتى و ده‌زگاكانى راگه‌یاند.. هه‌واڵێكى بێ سه‌رچاوه‌ و دوور له‌ رستى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، گوایه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى رێوشوێنى توندتر و زیاتر ده‌گرێته‌به‌ر ، سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ى له‌ وڵاتى ئێرانه‌وه‌ دێن " .

هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ هاتووه‌ " بۆ به‌رچاوڕوونى هاوڵاتیان و راى گشتى ، رێكاره‌كانى خۆپارێزى و پشكنین له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌ورازه‌ سنورییه‌كان هه‌مان رێكاره‌كانى رۆژانى پێشووه‌ " .

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ " هیچ رێكارێك به‌ ته‌نها تایبه‌ت نیه‌ به‌ گه‌شتیارانى وڵاتى ئێران ، به‌ڵكو هه‌مان رێكاره‌كان بڕیاردراوى پێشوون بۆ رێگریكردن له‌و ڤایرۆسه‌ " . 

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ " جگه‌ له‌ وڵاتى چین ، گه‌شتیارانى گه‌ڕاوه‌ له‌و وڵاته‌ له‌ شوێنى تایبه‌ت جیاده‌كرێنه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ى (14) رۆژ ، هیچ گه‌شتیارێكى تر رێگرى لێناكرێت " .

جێگه‌ى باسه‌ "قیانوش جیهانپور "به‌پرسى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئێران له‌ تویتێك له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر رایگه‌یاندووه‌ :" دوو كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ ، پێشتر خرابوونه‌ژێر چاودێرى ته‌ندروستى ، پاش ئه‌وه‌ى به‌ده‌ست هه‌وكردنى سییه‌كان ناڵاندبوویان " .

له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیشدا ، محه‌ممه‌د ره‌زا قه‌دیر سه‌رۆكى زانكۆى پزیشكى له‌ شارى "قوم " روونیكرده‌وه‌ :" له‌ ماوه‌ى چوار رۆژى رابردوو ژماره‌ى دووچاربووان به‌ هه‌وكردنى سییه‌كان روویان له‌ زیادبوون كردبوو " .

باسى له‌وه‌شكرد " ده‌سته‌ڵاتداران له‌ شارى قوم نه‌خۆشخانه‌یه‌كیان تایبه‌ت كرد به‌ نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌كان ، ئه‌گه‌ر پێویست بكات نه‌خۆشخانه‌ى تریش به‌و بواره‌ تایبه‌ت ده‌كرێت " .

 

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر