هاوڵاتیانی سەیدسادق خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو مۆڵه‌تى یه‌ك هه‌فته‌ ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت

27/01/2020 - 13:12 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

سپێده‌ - ئیبراهیم ساڵح

ماوەی چەند ڕۆژێکە چالاکوانان و هاوڵاتیانی سەیدسادق لەڕێگە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن، لەبەرامبه‌ریشدا لەڕێگەی هێزەئەمنیەکانەوە ڕۆژێک پێش خۆپیشاندانەکان واتە دوێنێ یەک شەممە ۲٦ـ ۱ـ ۲۰۲۰وە هەڕەشە لەچەند چالاکوانێک کراوە کە ئەگەر بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن دەستگیردەکرێن و بەتوندی سزادەدرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە ۲۷ـ ۱ ــ۲۰۲۰ کاتژمێر دەی سەر لەبەیانی لەسەر پردی ناو بازاڕی قەزاکەوە خەڵکی شار ڕژانە سەرشەقام و خۆپیشاندان دەستیپێکردو هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکەوە هێزەئەمنیەکان شەش چالاکوانیان دەستگیر کردو بەلێدان یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەناوی زانا علی بریندارکرا و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا .

بەڵام خۆپیشاندان بەردەوام بوو خۆپیشاندران بە گوتنەوەی دروشم وتاف کێشان چونەبەردم قائیم قامیەتی قەزاکەو دوای کاتژمێرێک لەخۆپیشاندان قائیم قامی قەزاکە هاتەناو خۆپیشاندەران و لەوتەیەکیدا دوای مۆڵەتی هەفتەیەکی لەخۆپیشاندەرانکردو بەڵێنی پێدان کە بەدەم داواکاریەکانیانەوە بچێت و وەزیرە پەیوەندارەکانی لە ڕوشی خزمەتگوزاریەکان و نیگەرانی خەڵک ئاگادارکردوەتەوەو بڕیارە لەماوەی هەفتەیەکدا چەند وەزیرێک سەردانی شارەکە بکەن .

خۆپیشاندەران داوای کارەبا و نەوت و خزمەتگوزاری دەکەن و دەڵێن: لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ۲۰۱٤دا سەرۆکی حوکومەت بەڵێنی خەرجکردنی ٤۰ملیار دیناری بەخەڵکی شارەکەماندا بەڵام نەک ئەو بڕە پارەیە خەرج نەکراوە بەڵکو بەبیانوی قەیرانی دارایی لە ئێستادا ٦ پرۆژەی زمەتگوزاری ڕاگیراوە کە گرفتی گەورەی بۆ دانیشتوان دروستکردوە.

خۆپیشاندەران لەسەر داوای قائیمقام خۆپیشاندانیان کۆتای پێ هێناو هەفتەیەك مۆڵەتیان داوەتە حکومەت و چاوەڕێی بەڵێنەکان دەکەن.