لێ دزین كۆتایی نەهاتووە

26/07/2021 - 22:09 نشر في وتار

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

- لە ماوەی سی ساڵ حوکمڕانی کوردیدا، دەسەڵاتی کوردی شێوازێک لە حوکمڕانی داهێنا کە سەرتاپای ناعەدالەتی و نایەکسانییە. 

-  حکومەتێک لە ماوەی سێ دەیە ک ماوەیەکی یەکجار زۆرە بۆ دەسەڵاتی هەموو وڵاتێک و بۆ مێژووش ماوەیەکی کەم نییە. ئەم دەسەڵاتە لەم ماوە درێژە نەیتوانیوە حکومەتێک بەڕێوە ببات کە ڕووی هەبێت وەک حکومەتێکی سەردەمییانە خۆی نیشانی دەرەوە بدات. حکومەتێک تا ئێستا سوپایەکی یەکگرتووی نییە و هەتا ئێستا سوپایەکەی میلیشیای چەکدارئ حزبییە، کە ئەم جۆرە سوپایە بۆی هەیە هەموو کاتێک ڕووبەرووی یەکدی ببنەوە و جارێکی دی شەڕی ناوخۆ دەست پێ بکاتەوە. دەسەڵاتێک تا ئێستا پێداویستییە سەرەتاییەكانی بۆ هاووڵاتییان دابین نەکردووە وەک ئاو و كارەبا. موچەی فەرمانبەران کە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتییە لە کاتی خۆی موچە وەرگرێت بۆ بژیوی ژیان و گوزەرانی، هەموو مرۆڤێک دەبێ لەبەرانبەر ئەو کارەی ئەنجامی دەدات بڕێک پارەی بێتە دەست بۆ ئەوەی بتوانێ بە سەربڵندی بژیێت. ئەم دەسەڵاتە ئەو مافە سەرەتاییەش بە هاووڵاتی خۆی ڕەوا نابینێت موچەی بە ڕێکوپێکی و لە کاتی خۆی بدات، بۆیە ئەم حکومەتە لە پێدانی موچەش ناعەدالەتە نەیتوانیوە ئەرکی حکومەتی خۆی بۆ هاووڵاتیان بە جێ بگەیەنێ، ئێستا داهێنانێکی نوێی کردووە ناوی لێ ناوە لێبڕینی موچە کە ڕاستتر ئەوەیە پێی بگوترێ لێ دزینی موچە.

ھۆكاری ئەم هەموو ناعەدالەتییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی حکومەتێکی مەدەنیی سەردەمییانە کە مافەکانی هاووڵاتی دابین دەکات، حکومەتی هەرێم، حکومەتێکە کەسانی تیکۆنکرات و ئەهلی کار بەڕێوەی نابەن، حکومەتێکە تێیدا بنەماڵە و حزببی بنەماڵەیی و کوڕە ئاغا و عەشیرەت بەسەر ھەموو جومگەكانی دەسەڵات زاڵە، ئەم بنەماڵانە سامانی گشتی و داھاتی كوردستان لە بەرژەوەندیی خۆیان و چەند کەسانێکی دەستوپێوەندیی خۆیان قۆرغ کردووە.

لە دوای (٢٠٠٣) ەوە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام و دامەزرانی حکومەتی نوێی عێراق بودجەی حکومەتی هەرێم لە بەغداوە دەھات تاكو مانگی (١ی ٢٠١٤ ) مووچە بێ دواكەوتن مانگانە لە كاتی خۆی دابەش دەكرا. لە مانگی (٢ی ٢٠١٤ ) كاتێك بەغدا بودجەی بڕی بە بیانووی جیاواز لەو كاتەوە فەرمانبەرانی ڕاستەقینەی ھەرێمی كوردستان بوونە سوتەمەنی ئەم ناعەدالەتییە حکومەتی عێراق و هەرێم کە هەتا ئێستا بەردەوامە. واتا لە ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگ فەرمامبەران لە بارودۆخێكی زۆر ناھەمواردان. حکومەتی بەڵێنی دا کە ئەم موچە نەدراوە پاشەكەوتە و حکومەت لە داهاتوو دەیگێڕێتەوە بۆ هاوڵاتییان، تا ئێستا نەک هەر نەیتوانیوە ئەو پاشکەوتە بگێڕێتەوە ئێستا فێڵێکی دیکەی دۆزیوەتەوە ناوی لێ ناوە لێی بڕینی موچە. ئەو كات لە ساڵی (٢٠١٤) لە ڕاگەیاندنەكانی سەر بە دەسەڵات وا بڵاوكراویەوە كە گوایە كێشەی موچە كاتییە و بە زوویی چارەسەر دەبێت. كێشەی حكومەت لەوەدایە تاكو ئێستا فەرمانبەرانی ڕاستەقینە و مشەخۆری وەك یەك حساب كردوون لە پێدانی موچە و مافەكانیان. چۆن دەبێ دكتۆرێك یان مامۆستایەك لەگەڵ بندیوارێك بەیەكەوە ھەمان حسابیان بۆ بكرێ لە وەرگرتنی موچە و مافە داراییەكانیان. فەرمانبەری ڕاستەقینە بەردەوام لە خزمەتدایە دەبێ ژیانی ماڵ و منداڵی لە لایەن حكومەتەوە دابین بكرێت نەك وەك مشەخۆرێك حسابی بۆ بكرێ. دواكەوتووترین وڵاتی دونیا لە ڕووی موچە و مافە داراییەكان لە حكومەتی كوردی باشترە. جگە لە لێ بڕین و لی دزین زوڵمێكی تری حكومەت ڕاگرتنی پلەوپایەی فەرمانبەرانە. كە بەپێی یاسای كارگێڕیی عێراقی، فەرمانبەر مافی دارایی خۆیەتی لە ماوەی ساڵێك پایە وەربگرێ و لە ماوەی چوار ساڵ پلە وەربگرێ، بەڵام حكومەتی ھەرێم بە شێوازێكی نایاسایی ڕایگرتووە. لە ھەمان كاتدا پلەوپایەی ھێزە ئەمنییەكان ڕانەگیراوە، چونكە پارێزگاری لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران دەكەن. دوای ئەو ھەموو زوڵمەی لە فەرمانبەران كراوە، بۆ ئەم مانگە سیستەمی لێ دزینان ڕاگرتووە. دەیانەوێ وەك موژدانەیەك بە موچەخۆران و فەرمانبەرانی بدەن کە گوایە ئیدی موچە بە کاتی خۆی و بەتەواوی دەدرێت، كە دڵنیام ئەم کارەیان تەنیا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە بۆ ئەوەی ڕووی خۆیان بۆ دەنگدەران سپی بکەنەوە و خۆیان شەریف نیشان بدەن و خەڵک دەنگیان پێ بدەن تا چوار ساڵی دی درێژە بە حوکمڕانی شکستخورادووی خۆیان بدەنەوە.

حکومەت ئەو کاتە دەتوانێ خۆی وەک حکومەتێکی دادپەروەر نیشان بدات و کە مافە خوراوەکانی هاووڵاتی بگێڕێتەوە: ھەموو موچە لێ دزراو و پاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ پلەوپایە بۆ فەرمانبەرانی ڕاستەقینە نەگەڕێتەوە كۆتایی بە ناعەدالەتی و دزینی مافی هاووڵاتیان نەهاتووە.