نیوەی ساڵ گوزەرا و بایکۆت بەردەوامە، لێرەو لەوێ جگە لە جەند دێڕێکی بیرکەرەوە کوژ، هیچ ئاسۆیەک ڕوون نین، ئەوەی هەیە ئاڕاستەیەکی عاتیفی و سادە و بە ڕقاکەوتن و سیاسەتی شکاندنی ئیرادە زیاتر نیە، بۆیە حەزم کرد بێ ڕتوش چەند پرسیارێک بوروژێنم.
۱ـ ئایا خولقاندنی دۆخی تەخوین لەهەردوو لاوە لە پرسی بایکۆتدا سیاسەتێکی دروست و باش و ئەخلاقیە؟
هەرچی بەرەی دەسەڵاتە دەیەوێت بڵێت ئەوەی بایکۆتی کردوە خائین و نیشتمان فرۆشە، هەرچی بەرەی مامۆستایای ناڕازیشن دەیانەوێ بڵێن ئەوەی بایکۆت بشکێنێت خائین و کاسەلێسو بەکرێگیراوە؟ ئایا بەڕاست ئەم ڕێچکەی تەخوێنکردنە ڕێچکەیەکی نادروست نیە کە ڕێگری دەکات لەبەردەم ئاوەڵا کردنی درگای گفتوگۆدا. زیاتر لە سێ چارەکی سەدەیە کورد مامەڵە لەکەڵ جیاوازیەکاندا بە تەخوێنکردن دەکات، هەر بەڕاست هیچ بەرهەمێکی هەبوە تا ئێستاش هەمووی بەردەوامی پێدەدات.
۲ـ ئایا بایکۆت لە دۆخێکدا، دەسەڵاتی هەولێر خۆی بە بەرپرسیار بەرامبەر سلێمانی نازانێت و دەسەڵاتی سلێمانیش خۆی بەخاوەنی سلێمانی نازانێت و نایەوێت لەهەڵبژاردنی داهاتودا دەنگ بتۆرێنێ، بایکۆت سودی دەبێت؟
۳ـ مامۆستا و فەرمانبەر مافی خۆیانە موچەی خۆیان وەربگرن، ئەمە کرێی کارە و منەت و پیاوەتی نیە، بەڵام ئایا لەدەرەوەی ئەمەوە هیچی دیکە نیە کاریگەری لەسەر مرۆڤ ببێت،
٤ـ هەر بەڕاست حکومەت و مامۆستایان کە گرەو لەسەر شکاندنی ئیرادەی یەکدی دەکەن، کەسێک نیە هێندە مرونەت و جوامێری تیابێت ( حیزبی سیاسی ناڵێم، چونکە لەو دۆخە پۆپۆلیستیەدا هیچ حیزبێک قومار بەدەنگی خۆیەوە ناکات، بەدوای کاری ڕاستدا بڕوات ، هەمووی خەریکی پۆپۆلیزمە) بتوانێ ئەم دوانە لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە بە ئاوی ڕووی هەردوولاوە کێشەکە کۆتایی بێت، بۆ نمونە ڕێکخراوێک، چوزانم سیاسیەکی موتەقاعید ، ئەکادیمیەکی بەشەخسیەت.
٥ـ بۆیەکەمجار لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا ئەگەری هەبوونی دوو پرسیاری ویزاری واریدە، ئەمەش بەجێدەهێڵم بۆ ئەهلی خۆی کە ئیتر چ کاریگەریەکی دیکەی دەبێت لەسەر پڕۆسی خوێندن