ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لیستی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە و بڕیارە لە رۆژی شەممەی داهاتوو دەست بكرێت بە دابەشكردنی موچە، بەڵام سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لەناو لیستەكەدا نین، یەكەم وەزارەتیش وەزارەتی تەندروستی موچە وەردەگرێت و دووەمینیش خانەنشینانی مەدەنی موچەیان پێدەدرێت.
لیستی موچەی ئەم مانگە جیاوازتر لە مانگەكانی رابردوو، ئامادەكراوە و بەگوێرەی پارەداركردن لەلایەن بەغداوە لیستە دانراوە، سەرەتا موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینی دەدەرێت و دواتر وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكانی دیكە، بەڵام هێشتا دیار نییە كەی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و سێ سەرۆكایەتیەكە دابەش دەكرێت و وەزارەتی دارایی هەرێم هیچ رونكردنەوەیەكی نەداوە.
ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێركاری وەزارەتی دارایی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم رایگەیاند، نزیكەی 599 ملیار دیناریان لە بانكی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و بەكاری دەهێنن بۆ دابەشكردنی موچەی دام و دەزگاكانی هەرێم.