ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی گورزێکی نوێ لە کەرتی خانووبەرە لە چین کە لەرزۆک بووە، لە هەمان کاتدا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و پەرەسەندنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیەکان لە دەریای سوور، نیگەرانییەکانی لەبارەی پچڕانی دابینکردنی نەوت زیاتر کردووە .
نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 23 سەنت دابەزی و گەیشتە 83 دۆلار و 32 سەنت، هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش 27 سەنت دابەزی و گەیشتە 77 دۆلار و 74 سەنت.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دادگایەک لە هۆنگ کۆنگ بڕیاری تەسفیەکردنی گروپی زەبەلاحی چین ئێڤەرگراند بۆ فرۆشتنی خانووبەرەی دا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خراپتربوونی قەیرانی کەرتی خانووبەرە لە چین، ئەمەش لە كاریگەری خواست لەسەر نەوتی خاو لە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
مەترسییەکانی پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کرد، دوای ئەوەی چەکداران دوێنێ یەکشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن.
کۆمپانیای ترافیگورا بۆ بازرگانی کاڵاکان ڕایگەیاندووە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مەترسییە ئەمنییانە دەکەن کە ڕەنگە لە ئەنجامی بەردەوامی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە دەریای سووردا بێتە ئاراوە، دوای کوژاندنەوەی ئاگرێک کە لەناو تانکەرێکدا کەوتەوە کە لەلایەن بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەنەوە هێرشی کرایە سەر.
پێدەچێت ڕووسیا هەناردەی نافتا کە مادەیەکی مامناوەندە کە لە پیشەسازی پترۆکیمیاییدا بەکاردەهێنرێت، لە نێوان ١٢٧ هەزار و ٥٠٠ بۆ ١٣٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنێت، دوای ئەوەی کارەکانی لە پاڵاوگەکانی سەر بەڵتیک و دەریای ڕەشدا پەکخرا