سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق ئاشكرای كردووە، ڕێككەوتنێك لە نێوان عێراق و ئەمریكا كراوە بۆ زیادكردنی دۆلار بۆ 10 بانكی عێراقی و دەشڵێت: ژمارەی بانكەكان بۆ پێدانی دراوی یوانی چینی و ڕوپیەی هیندی زیاد دەكرێن بۆ بازرگانان كە كەلوپەل لەو دوو وڵاتە هاوردەدەكەن.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی العراقیەی ڕاگەیاندووە، لەبەر ڕۆشنایی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی بانكی ناوەندی لەگەڵ لایەنی ئەمریكی، ژمارەی ئەو بانكانەی كە دەتواندرێت ڕاستەوخۆ دۆلاری ئەمریكیان پێ بدرێت بۆ 10 بانك زیاد دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، كە پێنج لەو بانكانە لە ڕێگەی سیتی بانك و پێنج بانكی دیكەش لە ڕێگەی بانكی (جەی پی مۆرگانەوە دۆلاریان ڕاستەوخۆ پێ دەدرێت.
ئاشكراشی كردووە، ژمارەی ئەو بانكانەی دراوی یوانی چینیان لەڕێگەی بانكی گەشەپێدانی سەنگافورەوە پێ دەدرێ زیاد دەكرێن بۆ 13 بانك و ئەو بانكانەشی هەژمارەكانیان بە ڕوپیەی هیندیە لەگەڵ بانكی گەشەپێدانی سەنگافورە دوو بانكن و بانكەكان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا زیاد دەكرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو ڕێككەوتنەی بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كردوویەتی جێبەجێ بكرێ كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار و جێگیركردنی بازاڕ دەبێت لە داهاتوویەكی نزیكدا.