داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئەیلوولدا بە بەراورد بە مانگی ئاب، 496 ملیۆن و 149 هەزار دۆلار زیادی كردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێكدا پشت بەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داهاتی نەوتی فرۆشراو بۆ مانگی ئەیلوول بڵاوكردەوە.
لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، بڕی ئەو نەوتەی كە لە مانگی ئەیلوولدا هەناردەكراو، 103 ملیۆن و 143 هەزار و 199 بەرمیل بووە كە كۆی گشتی داهاتەكەیشی گەیشتووەتە، نۆ ملیار و 494 ملیۆن دۆلار.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو كە ئاماژە بەوەیش دراوە كە لە مانگی ئەیلوولدا، رۆژانە تێكڕا سێ ملیۆن و 438 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا، یەك بەرمیل نەوت تێكڕا بە زیاتر لە (92) دۆلار فرۆشراوە.