دیجیتاڵ میدیای سپێده
کۆریای باشوور و ئەمریکا بە بەکارهێنانی چەکی راستەقینە، مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان لە نزیک سنووری کۆریای باکوور ئەنجامدا.
ئاژانسی هەواڵیی "Yonhap" بڵاوی کردەوە، مانۆڕەکە لە سنووری شاری پۆچیۆن کە ٣٠ کیلۆمەتر لە باشووری ناوچەی داماڵدراوی سەربازیی لەسەر سنووری نێوان کۆریای باکوور و باشوور ئەنجامدراوە.
لە مانۆڕەکەدا، ٨٠٠ سەرباز بەشدارییان کردووە و ١٠٠ تۆپهاوێژ و چەندین زرێپۆشی تیادا بەکار هێندراوە.
ئاماژە بەوە دراوە لە مانۆڕە هاوبەشەکەی لیوای پیادەی پایتەختی کۆریای باشوور و لیوای دووی پیادەی ئەمریکادا، توانای پێکەوەکارکردنی سەربازانی هەردوو وڵات تاقی کراوەتەوە.
بەرپرسانی سوپای کۆریای باشوور ئاماژەیان بەوە داوە، "وەک وەڵامدانەوە لەهەمبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور و نیشاندانی توانای بەهێزی بەرەنگاربوونەوەی هاوپەیمانان، مانۆڕەکە ئەنجام دراوە".
دوای مانۆڕی سەربازیی "قەڵغانی ئازادی" کە لەنێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ١٤ی ئادار دەستی پێ کرد، کۆریای باشوور لە ٢٠ی ئاداردا مانۆڕی پەلاماردانی بەرامبەر چەکی ئەتۆمی دەست پێ کرد.
کۆریای باشوور و ژاپۆن لە ١٩ی ئادار رایانگەیاند کە کاتژمێر ١١:٠٥ کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی ئەنجامداوە. مووشەکە بالیستیەکە کە تاکوو ٥٠ کیلۆمەتر بەرز بووەتەوە ٨٠٠ کیلۆمەتری بڕیووە و لە دەریای ژاپۆن کەوتووەتە خوارەوە.
ئەوەی بووە جێی سەرنج ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە بوو کە لە کاتێکدا ئەنجامدرا مانۆڕە هاوبەشەکەی کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ١٤ی ئادار دەستی پێ کرد کە ئەمڕۆ کۆتایی دێت.
کۆریای باکوور لە سەرەتای ئەم مانگەوە شەش و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاکوو ئێستا، ٢٠ تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجامداوە.