چوار چەکدار و پۆلیسێک لە پاکستان کوژران

08/01/2023 - 14:27 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

لە میانی ئۆپەراسیۆنێک و هێرشی چەکداریی لە هەرێمی خەیبەر پەختونخوا باکووری رۆژئاوای پاکستان، چوار چەکدار و پۆلیسێک کوژران.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە دەرەوەی شاری پیشاوەر پایتەختی هەرێمی خەیبەر پەختونخوا، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر گرووپە چەکدارەکان ئەنجامداوە.

لە ئەنجامی پێکدادانێکدا، چوار چەکدار کوژران.

هەروەها لە ناوچەی باننوو باشووری رۆژئاوای شاری پیشاوەر، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی دەورییەی پۆلیس.

چەکدارەکان کە دوای هێرشەکە هەڵاتن، چوونەتە ناو خانووێک و ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیلیان بە بارمتە گرت و بە بۆمبی دەستی هێرشیان کردە سەر پۆلیس کە ماڵەکەیان گەمارۆ دابوو و لە ئەنجامدا، پۆلیسێک کوژرا و یەکێکیش بریندار بوو.

ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی چەکدارە هەڵاتووەکان دەستی پێ کرد.