لە مالیزیا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 15مین خولی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت

ڕابەر كەلهوڕی 19/11/2022 - 14:20 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

لە وڵاتی مالیزیای باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ١٥مین دەنگدانی گشتیی بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسەت و حکوومەتی ناوەندی وڵاتەکە دەستی پێ کرد.

ئەو پارتە سیاسیی و هاوپەیمانانەی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٢٢٢ کورسی پەرلەمانی وڵاتەکە، دەیانەوێت بە بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەو گەنجانەی یەکەمجاریانە دەنگ دەدەن سوود لە "هەڵبژاردنی پێشوەختە" وەرگرن.

مالیزیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٣ ملیۆن کەسە، تێکڕا ٢١ ملیۆن و ١٧٣ هەزار و ٦٣٨ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کێبڕکێی توند لە نێوان بەرەی نیشتمانیی (BN) بە سەرۆکایەتی رێکخراوی نیشتمانیی یەکگرتووی مالای (UMNO) کە هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە، هاوپەیمانی هیوا (PH) و هاوپەیمانی نیشتمانیی نەتەوەپەرستی مالای (PN) هەیە.

پرۆسەی دەنگدان لە سەرانسەری وڵاتدا لە دوورگەی بۆرنیۆ و ویلایەتەکانی ساباح و ساراواک کاتژمێر ٧:٣٠ و لە نیمچەدوورگەی مالیزیا کەتژمێر ٠٨:٠٠ بەکاتی ناوخۆ، دەستی پێ کرد.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی مالیزیا، ماوەی دەنگدان کە خۆی نۆ کاتژمێرە کردووە بە ١٠ کاتژمێر و، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە درەنگانی شەودا رابگەیەندرێت.

لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کێبڕکێی توند لە نێوان بەرەی نیشتمانیی (BN) بە سەرۆکایەتی رێکخراوی نیشتمانیی یەکگرتووی مالای (UMNO) و هاوپەیمانی هیوا (PH) بە سەرۆکایەتی ئەنوەر ئیبراهیم رووبدات، کۆمپانیاکانی راپرسی ناتوانن بە ئاسانی پێشبینی بکەن کام بلۆکی هاوپەیمانی سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت.

ئەو پارتەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت و حکوومەت پێکدەهێنێت، پێویستە لانی کەم ١١٢ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت