پاکستان.. نزیکەی شەش ملیۆن کەس رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە

03/10/2022 - 16:06 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

نووسینگەی هەماهەنگی مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە پاکستان ٥،٧ ملیۆن کەسی زیانلێکەوتووی لافاو، رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.

لە راپۆرتێکی نووسینگەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو لافاوەی رووی لە پاکستان کردووە، قەیرانی خۆراکی لەو وڵاتە گەورەتر کردووە، بەوهۆیەشەوە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا ٥،٧ ملیۆن پاکستانی رووبەڕووی قەیرانی خۆراک دەبنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئاوی پیسەوە دەگوێزرێنەوە لە هەرێمەکانی سیند و بەلۆچستان زیادیان کردووە، هەروەها ١٣٠ هەزار ئافرەتی دووگیانی ناو کەمپە کاتییەکان پێویستییان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی بەپەلە هەیە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان زیاتر لە ١٣١ فڕۆکە هاوکاری مرۆییان رەوانەی پاکستان کردووە، بەڵام ئەم هاوکارییانە بەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەیان نەکردووە و چاوەڕێی هاوکاری زیاترن.

لە پاڵ ئەوەشدا حکوومەتی ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەکی بەپەلە لەسەر دابینکردنی خۆراک نییە.

- سەدان هەزار کەس لە کەمپە کاتییەکاندان

بەهۆی بارانی وەرزییەوە کە لە ١٤ی حوزەیرانەوە رووی لە پاکستان کردووە، تا ئێستا هەزار و ٦٩٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە دوو ملیۆن خانوو زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس پەنا ببەنە بەر کەمپە کاتییەکان.

حکوومەتی پاکستان، زیانە ماددییەکانی لافاوەکە بە ٣٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.