835 ساڵ به‌سه‌ر رزگاركردنى قودس له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ى كورد صلاح الدین الایوبى تێپه‌ڕى

02/10/2022 - 17:34 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

835 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا، سه‌ركرده‌ى كوردى موسوڵمان صلاح الدین الایوبى شارى قودسی پیرۆزى له‌ چنگى خاچپه‌رسته‌كان ده‌رهێنا و رزگارى كرد.

له‌ دواى جه‌نگى (حیتتین) له‌ 4ى ته‌ممووزى 1187دا، كه‌ له‌و جه‌نگه‌دا سوپاى موسوڵمانان به‌سه‌ركردایه‌تى سه‌ركرده‌ى كورد صلاح الدین الایوبى به‌سه‌ر سوپاى خاچپه‌رستان سه‌ركه‌وتنى به‌ ده‌ستهێنا، رێگاكان به‌ره‌و قودس ئاسان بوون.

دواى ئه‌و جه‌نگه‌ سوپاى موسوڵمانان به‌سه‌ركردایه‌تى صلاح الدین الایوبى و براكه‌ى كه‌ ناوى (الملك العادل) بوو ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر زۆربه‌ى شاره‌كانى كه‌نار ئاو له‌ شام له‌وانه‌ شاره‌كانى (ته‌ڕابلوس، عه‌ككا، به‌یروت، سه‌یدا، یافا، قه‌یساریه‌ و عه‌سقه‌لان)، تا له‌ رێكه‌وتى 2ى تشرینى یه‌كه‌مى 1187 كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا، خاچپه‌رستان ده‌رگاكانى قودسیان بۆ سوپاى موسوڵمانان به‌سه‌ركردایه‌تى سه‌ركرده‌ى كورد صلاح الدین الایوبى كرده‌وه‌و ئه‌و شاره‌یان رزگاركرد.

ئه‌مساڵیش ساڵیادى رزگاركردنى قودس هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ مانگى مه‌ولوودى سه‌روه‌رى مرۆڤایه‌تى "محمد" دروودى خوداى له‌سه‌ربێت. ئێستاش 55 ساڵه‌ ئه‌و شاره‌ پیرۆزه‌ له‌ ژێر داگیركارى جووله‌كه‌ زایۆنیسته‌كاندایه‌.