ناتۆ: "وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان سەبارەت بە زیانگەیاندن بە هێڵەکانی گواستنەوەی گاز دەبێت"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 29/09/2022 - 15:16 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میای سپێده‌

ناتۆ رایگەیاند کە تێکدان و زیانگەیاندن بە هێڵی بۆڕی یەکەم و دووەمی گواستنەوەی گازی باکوور و هێرشەکان بۆسەر ژێرخانە گرنگەکانی هاوپەیمانان بە پێداگرییەوە وەڵام دەدرێنەوە.

ناوەندی دەرکردنی بڕیار لە رێکخراوی ناتۆ، ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی سەبارەت بەو زیانانەی کە بەهۆی دزەکردنی گاز لە بۆرییەکاندا هاتووەتە ئاراوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەناوچوونی هێڵی بۆڕی یەکەم و دووەمی گواستنەوەی گازی باکوور لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای باڵتیک جێگەی نیگەرانی قووڵە.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەموو ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان ئاماژە بەوە دەکەن کە وێرانکارییەکە بەهۆی کردەوەیەکی تێکدانی بە ئەنقەست و نابەرپرسیارانە بووە. ئەم دزەکردنەی گاز و بڵاوبوونەوەی بەناو دەریادا مەترسی لەسەر دەریا دروست دەکات و زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت. پشتگیری لە لێکۆڵینەوەکان دەکەین بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی زیانەکان".

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئەوە خراوەتەڕوو کە هاوپەیمانەکانی ناتۆ بەردەوام دەبن لە ئامادەکاری، رێگریکردن و بەرگریکردن لە بەرامبەر بەکارهێنانی زۆرەملێی وزە و تاکتیکی دیکە لەلایەن کارەکتەرە دەوڵەتییەکان یان نادەوڵەتییەکانەوە، ئاماژە بەوەشکراوە "لە ئەگەری هەر هێرشێکی بە ئەنقەست بۆسەر ژێرخانەکانی هاوپەیمانان، ناتۆ وەڵامی یەکگرتوو و پێداگرانەی دەبێت".

پێشتر راگەیەندرابوو کە دزەکردن لە بۆڕییەکانی هێڵی بۆڕی یەکەم و دووەمی گواستنەوەی گازی باکوور کە سەربە رووسیایە لە کەناراوەکانی دانمارک و سوید روویداوە و هۆشداریش دراوە کە نابێت کەشتییەکان "لە ناوچەکە نزیک ببنەوە". هەردوو وڵات رایانگەیاندبوو، ئاماژەگەلێک هەن کە دزەپێکردنەکان لە ئاکامی کردەوەیەکی بە ئەنقەست بووە نەک رووداو.

هەروەها یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندبوو کە دزەکردن لە هێڵەکانی گواستنەوەی گاز لە ئاکامی کردەوەیەکی بە ئەنقەست بووە نەک بەڕێکەوت.

ناردنی گازی سروشتی لە رێگەی هێڵی بۆڕی یەکەم و دووەمی گواستنەوەی گازی باکوور لە ٣١ی ئابدا راگیرا بە پاساوی ئەوەی نەتوانراوە چاککردنەوەی پێویست ئەنجام بدرێت.