توركیا په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ ئه‌نجامدانى هێرشه‌كه‌ى شارۆچكه‌ی مه‌زیتلی پارێزگای مێرسین

27/09/2022 - 18:48 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

توركیا گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و دوو ژنه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ شه‌وی رابردو په‌لامارى خانه‌ى پۆلیسى شارۆچكه‌یه‌كی مه‌زیتلی سه‌ربه‌ پارێزگای مێرسینیان له‌ توركیا دا به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پۆلیسێك كوژرا و پۆلیسێكی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ سێ هاوڵاتی مه‌ده‌نی بریندار بون.

توركیا په‌كه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامدانى په‌رلاماره‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، له‌و گرته‌ ڤیدییۆییانه‌ی كه‌ له‌ كامێراكانی چاودێرییه‌وه‌ تۆماركراوه‌ن و توركیا بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌مێك به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ دوو ژن به‌ جانتای پشتیانه‌وه‌ به‌ ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ ده‌ڕۆن و له‌ خانه‌ی پۆلیس نزیك ده‌بنه‌وه‌.

تۆماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ یه‌كێك له‌ ژنه‌كان جانتاكه‌ی شانی فڕێده‌داته‌ ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵ و خاشاك و دواتر له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ى دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ رۆیشتن و دواتر ده‌ته‌قێته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شه‌وی رابردوی شارۆچكه‌ی مه‌زیتلی-ی پارێزگای مێرسین سه‌ركۆنه‌ ده‌كات و داواش له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ ئاشكرابكه‌ن، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارته‌كه‌یان پشتیوانی له‌ پاراستنی دیموكراسی له‌جێگه‌ی گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی توندوتیژی ده‌كات.

 

ڕەنگاڵە