بە فەرمی لە ئەمرۆوە نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار دادەبەزێت

29/12/2022 - 09:23 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

بەپێی راگەیەنراوێكی بانکى ناوەندیى عێراق لە ئەمرۆ پێنجشەممەوە، 29ى کانوونى یەکەمى 2022، دەست بە جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوە دەکەن كە دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەر بە 1455 دینار دەفرۆشن، لەکاتێکدا پێشتر لە 22ى کانوونى یەکەم ئەو بانکە رایگەیاند، دۆلار بە 1465 دینار دەفرۆشێت بە گەشتیاران .


رۆژی 28ى کانوونى یەکەمى 2022، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رێوشوێنەکانى خستەڕووى دۆلاریان ئاسانکردووە، ئەویش لە رێگەى زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى نەختینەیی دراوى بیانى (دۆلار) بە رێگەى زیادکردنى پشکى دەروازەى بانکەکان، دەستیش دەکرێت بە زیادکردنى ئەو بڕى دۆلارەى وەریدەگرن و ئەو 10 بانکە ئەهلییە لەنێو ئەو لیستەدان کە بڕیارە نوێیەکەى بانکى ناوەندى دەیانگرێتەوە و دەتوانن تاوەکو 10 هەزار دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى 1465 دینار بۆ هەر دۆلارێک بفرۆشن.

بانکى رافیدەین راگەیاند، بۆ جێبەجێکردنى رێنماییەکانى حکومەت و سیاسەتى بانکى ناوەندیى عێراقى، بڕیاری داوە بە کەمکردنەوەى بەهاى دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە دینارى عێراقى بۆ ئەوانەى کە گەشتی دەرەوەى وڵات دەکەن.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لە ئەمرۆ پێنجشەممەوە، 29ى کانوونى یەکەمى 2022، دەست بە جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوە دەکەن و دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەر بە 1455 دینار دەفرۆشن، لەکاتێکدا پێشتر لە 22ى کانوونى یەکەم ئەو بانکە رایگەیاند، دۆلار بە 1465 دینار دەفرۆشێت بە گەشتیاران، بەوەش 10 دینار لە بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینار دادەبەزێنێت.

بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى 14 بانکەوە رۆژانە بە نرخى فەرمى دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و زۆرینەیان بڕیاریانداوە کە 10 هەزار دۆلار بە نرخى بانکى ناوەندى بدەنە گەشتیاران کە بەهاکەى لەنێوان 1455 بۆ 1465 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار.

چوار لەو بانکانە حکومین کە بریتین لە بانکەکانى رافیدەین، رەشید، بانکى بازرگانیى عێراق (TBI) و بانکى پیشەسازى، 10 بانکەکەى دیکەش ئەهلین و وەک دەروازەى بانکى ناوەندى بۆ فرشتنى دۆلار تۆمارکراون بە تایبەت لە فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى فەرمیى بانکى ناوەندى.

ئەو بانکە ئەهلییانە بریتین لە بانکى وەبەرهێنان، موسڵ، ئاشوور، تەیفى ئیسلامى، ئەمین عێراقى ئیسلامى، بانکى هەرێمى بازرگانی، جنوبی ئیسلامى، وەتەنى ئیسلامى و بانکى دەولى ئیسلامى.

بەشێک لەو بانکانە نووسینگەیان لە شارەکانى هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام بەگوێرەى ئەوەى بانکى ناوەندى رایگەیاندووە، فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى لقەکانى بەغداى ئەو بانکانەوە دەبێت.