سياسه‌تى زلهێزان و تێگه‌يشتنى ڕۆشنبيران

31/08/2020 - 21:32 نشر في وتار

د.عومەر عەبدولعەزیز


مامۆستا شاكر فه‌تاح، له‌ سه‌ره‌تاى حه‌فتاكاندا- له‌ وه‌ڵامى هه‌ندێك نوسه‌ردا كه‌ وایانده‌زانى شه‌ماڵى ئازادیى له‌ (مۆسكۆ)وه‌ هه‌ڵى كردووه‌، هه‌ندێكى تریش به‌ ته‌ماى مه‌رحه‌مه‌تى ئینگلیز بوون- وتى:
"ئێمه‌ كه‌وتووینه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌وه‌ كه‌ هه‌موو فه‌رمانڕه‌وایه‌ك بۆ كه‌ڵكى خۆى هه‌وڵ ده‌دات، كه‌ زۆربه‌ى ناپوخته‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌ پشت به‌ به‌ره‌ى سه‌رمایه‌داریى ئه‌به‌ستین، نه‌ به‌ به‌ره‌ى سۆشیالیستیى، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هیچ لایه‌كیان بۆ (خوا) كار ناكه‌ن، بۆ (خورما) كار ئه‌كه‌ن. ئێمه‌یش ئه‌گه‌ر خۆمان یه‌كبین، ڕێگاى خواناسیى بگرینه‌ به‌ر، هیچ هێزێك ده‌ره‌قه‌تمان نایه‌ت."

پاشان مامۆستا شاكر فه‌تاح وه‌ك ڕوناكبیرێك به‌رچاوڕوونى ده‌دات به‌ نه‌وه‌كانى كوردو ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر (كوردایه‌تی) یه‌كه‌مان بگاته‌ پله‌ى (مرۆڤایه‌تى)و (جیهانپه‌روه‌ریى)ش بكه‌ین، ئاینى پاكى ئیسلام له‌گه‌ڵ ڕه‌وشته‌ نه‌ژاده‌كه‌ى كوردایه‌تییه‌كه‌ماندا به‌سن، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگامان پیشان بده‌ن‌و هه‌موو گیروگرفتێكى خۆمانیان پێ چاره‌ بكه‌ین." له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ ده‌كات كه‌: "شیوعییه‌ت دژى چوار شتى پیرۆزمان وه‌ستاوه‌: ئاین‌و خێزان‌و گه‌لپه‌روه‌ریى و نیشتمانپه‌روه‌ریى.."
جا بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س گومان نه‌بات ئه‌و ستراتیژه‌ی زلهێزان گۆڕاوه‌، شتێك له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ده‌ڵێم:
سه‌ره‌تا به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر زمانى خۆیان ده‌خه‌مه‌ ڕوو، ئه‌ویش دانپێدانانى باڵیۆزى پێشووترى ئه‌مریكایه‌ له‌ كرواتیا (پیته‌– گالبرێت) كه‌ له‌ وتارێكیدا له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2002دا نوسیویه‌تى، ده‌ڵێت:
"ئیداره‌ى سه‌رۆك (ڕێگان) ساڵى حه‌وتصه‌د ملیۆن دۆلارى ده‌دا به‌ عیراق وه‌كو گه‌ره‌نتییه‌ك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى (صدام)ى به‌ شه‌ریكێكى ئاسایشى خۆى ده‌زانى له‌ ناوچه‌ى كه‌نداودا، هه‌روه‌ها بازاڕێكى له‌بار بوو بۆ به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌مریكا، ئیداره‌ى ئه‌مریكا شكستى هێنا به‌ یاساى ڕێگرتن له‌ (جینۆساید).."
هه‌روه‌ها نهێنییه‌كى گرنگ ده‌خاته‌ ڕوو‌و ده‌ڵێت: "كورد ئه‌وه‌ى له‌بیر نه‌چووه‌ته‌وه‌ كه‌ (كۆڵن پاول) ئه‌و كاته‌ (ڕاوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى) بوو هه‌ر نه‌خشه‌ى بڕیاره‌كه‌ى (ڕونالد ڕیگان)ى داڕشت له‌ ڕێگه‌پێدانى (صدام) بۆ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى دژى كورد.!
له‌ به‌شێكى ترى وتاره‌كه‌یدا نیازپیسییه‌كى (كیسنجه‌ر)ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌مى (نیكسۆن)‌و (جیراڵد فۆرد)‌و ڕاوێژكارى به‌رده‌وامى ئیداره‌كان، ده‌خاته‌ ڕوو ‌و به‌ غه‌ددارو سپڵه‌ به‌رامبه‌ر كورد ناوى ده‌باو ده‌ڵێت:
"له‌ سه‌ره‌تاى 1970دا شاى ئێران كوردى هاندا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ گفتوگۆكانى ئۆتۆنۆمى بكشێنه‌وه‌‌و درێژه‌ به‌خه‌باتى چه‌كداریى بده‌ن، كه‌ له‌ ساڵى 1961وه‌ ده‌ستیان پێ كردبوو.
?له‌سه‌ر داواى شاى ئێران (كیسنجه‌ر) ڕازى بوو كه‌ پڕۆگرامێكى ده‌زگاى نهێنى موخابه‌راتى ئه‌مریكاC.I.A به‌ڕێوه‌به‌رێت بۆ یارمه‌تیدانى گه‌ریلاكانى كورد (مه‌به‌ستى پێشمه‌رگه‌یه‌)، هه‌رچه‌نده‌ كورد متمانه‌ى به‌ شاى ئێران نه‌ده‌كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و پشتیوانییه‌ى ئه‌مریكا نه‌بوایه‌، بۆیه‌ له‌ 1974 ده‌ستیان به‌ شۆڕش كرده‌وه‌، به‌ڵام پاش ساڵێك (صدام) له‌گه‌ڵ شاى ئێران ڕێككه‌وت‌و پشتگیریى ئێران‌و ئه‌مریكاى بۆ ده‌سته‌به‌ر بوو‌و شۆڕشى كورد هه‌ره‌سى هێنا. كاتێك هه‌ندێك له‌ كوردان ڕوویان كرده‌ ئه‌مریكا‌و مه‌سه‌له‌ى كوردیان وروژاند‌و ویستیان هۆى ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ بزانن، (كیسنجه‌ر) له‌ وه‌ڵامدا وتى: "نابێت كارى نهێنى له‌گه‌ڵ كارى ڕه‌سمیدا تێكه‌ڵ بكرێت."!
به‌ڵێ، پیره‌ سیاسه‌تمه‌دارى ئه‌مریكا به‌م ڕاشكاوى‌و ڕوونییه‌ هه‌ڵوێستى دووفاقه‌یی وڵاته‌كه‌ى ڕاگه‌یاند.
?به‌هه‌رحاڵ، نوسه‌رى ئه‌مریكى له‌ درێژه‌ى وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "شازده‌ ساڵ پاش ئه‌وه‌، (واته‌ پاش 1975) له‌ 15/شوباتى/1991 (جورج بۆش)ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا خه‌ڵكى عیراق‌و سوپاكه‌ى هاندا بۆ ئه‌وه‌ى (صدام) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لابه‌رن، كورد پێیان وابوو سه‌رۆك بۆش خاوه‌نى قسه‌ى خۆى ده‌بێت... دوابه‌دواى ڕاپه‌ڕین سه‌ردانى كوردستانم كرد، جه‌لال تاڵه‌بانیم بینى، به‌رده‌وام پرسیارى لێده‌كردم، له‌سه‌ر ئه‌گه‌رى هاتنه‌ناوه‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ پاراستنى ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌؟ له‌ گفت‌وگۆیه‌كدا كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بارانى بۆمبه‌كانى عیراق بۆ سه‌رئه‌وشاره‌، نه‌متوانى هیچ هیوایه‌كى پێ ببه‌خشم."!!
جا لێره‌وه‌ له‌ قسه‌و هه‌ڵوێسته‌كانى ئێسته‌ى (ترامپ)يش تێ ئه‌گه‌ين، كه‌ ميراتگرى هه‌مان تاس و حه‌مامه‌.