کوڕە دار

26/08/2020 - 11:35 نشر في وتار

 


سیروان سەید

ـ تەماشای کوڕە دارەکانی نیشتیمان کەن لەگەڵ ئەوەی کۆڵەکەو دەستباری حکومەتن، دەمڕاست و پشکی شێری دەسەڵاتن، خاوەنی خەرمان و داهات و گومرگن، سەرە ڕمی دروستکردنی بنکەنو خانە نشینن.

ـ کەچی لێرەو لەوێ بەناوی بەرەی میللەتەوە دەم لە چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و مافی خوراوی هاوڵاتیان دەکوتن.

ـ هەرلە بڕینی موچەو قوتی تاک بەتاکی هاوڵاتیەوە بگرە تادەگاتە ناشەفافی داهاتوو دزینی نەوت و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی بەلەناو بردنی زۆرێک لە دەستکەوتەکانیشەوە، ئه‌مان به‌شدارن.

ـ کورد زۆر جوانی ووتوە کە دەڵێ : لەناڵیش دەداو لە بزماریش

ـ ئێوەیەک کەسەرچاوەی ئەم هەموو برین و ئازارانەن، سوارچاکی هەموو ناخۆشی و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانن.

ـ ئێوەیەک سەرچاوەی بێ هیوایی تاکی کوردو سەرهەڵگرتنی ڕۆڵە کانی نیشتیمانن بەرەو هەندەران.
ـ لەولاشەوە ئەندازیاری بێپلانی و کەم ئەزموونی و بێباکی قوربانیەکانی خەباتی چەندین ساڵەی میللەتی کوردن.
ـ ئاخر چۆن و بەچی ڕوویەک سواری شەپۆلی بەشێک لە ناڕەزاییەکانی هاوڵاتیان دەبن و بەناوی بەرگریکردنەوە تاکە ئومێدی خۆپیشاندەران بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانیان لەگۆڕ دەنێن.
ـ بەسە ئیتر سوپاس بۆخوا میللەت وشیارەو ئێستای ئێوە لەهەمووکات زیاتر دەستان لای میللەت ئاشکرایەو چی دی بڕوا بەفرمێسکی تیمساحیتان ناکەن.

ـ ڕاستە کوڕە دارن بەڵام نەک بۆدار بۆدەوروبەریش 30ساڵە بوونەتە خۆرەو زوحاکی دەستکەوتەکان و هەرجارەی بەدرۆیەک میللەت لەخشتە دەبەن و دەیانکەنە قوربانی دەستکەوت و بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکانتان.

بەڵێ ڕاستە کوڕەدارن بەڵام لاوازن لەبەرامبەر بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدەستهێنانەوەی مافە ڕەواکانی میللەتەکەتان.

ڕاستە کوڕە دارن بەڵام وەرزین و بەسیاسەتی ڕۆژ مامەڵە لەگەڵ میللەتی بێنازو کەساسی خۆتان دا دەکەن و دووڕووی سەد دراون.
ڕاستە کوڕەدارن بەڵام بێ سێبەرن بەجۆرێک خەڵکانی ناوچە دابڕاوەکان ڕۆژانە ئیهانە دەکرێن، لەبەین دەبرێن، ماڵ دزراوو پۆڕان خوراو دەکرێن، تەکزیم و تەرحیل و تەعریب دەکرێن کەچی ئێوەش هێندە بێ ئەرزشن لەتەماشاکەرێک زیاتر هیچی دیکە نین. وەستای قسان و کۆڵەواری دەستانن.

ڕاستە کوڕەدارن بەڵام بێ بەرهەموو خەجاڵەتن بەرامبەر ئەم میللەتە بەش مەینەتە ڕۆژانە لەبری خزمەت دەیان دۆشن و هەرجارەی بەلەونێک و لەژێر پەردەو پەرتوویەکدا سزایان دەدەن و گەمارۆیان بەسەردا دەسەپێنن یانیش فیکرو بەهاو نەریت و دینیان دەشێوێنن.

ڕاستە کوڕەدارن بەڵام بێسەرو بەرن تاهەنوکە نەتانتوانیوە نوکە دەرچەیەک بۆڕزگاربوون لە قەیرانەکان بدۆزنەوە، کەچی شارەزاو پسپۆڕی بەرژەوەندییەکانتان و کورد ووتەنی شەیتان گرەوتان لێناباتەوە.
ئەمانەو چەندانی تر مەدالیای ڕەشی 30ساڵەی کارو خەباتتانە کەچی وەک ئەوەی نەباتان دیبێ و نەباران بوونەتە سورەی بەر لەشکر لەکاتێکدا بەو هەموو لەشکرەی هەتان بوو هیچتان پێنەکراو توخاڵی دەرچوون.

تێبینی/ کوڕە دار بەو نەمام و دارانە دەوترێت لەسایەی سێبەری داردا گەشەی کردووەو بەرهەمێکی جوان و ناوازەو بەتین دەدات جیاواز لە کوڕەدارەکانی دەسەڵات