ڕاپۆرتی چالاکییەکانی حکومەت

23/07/2020 - 10:37 نشر في وتار

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دوێنێ کابینەی نۆی حکومەت ڕاپۆرتی چالاکییەکانی وەزارەتەکانی لەماوەی ساڵێکی کارکردندا بڵاو کردەوە، منیش هەردوێنێ خوێندنەوە و تێبینی خۆمم لەسەر ئەو بەشەی تایبەتە بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان نوسی و بڵاوکردەوە..
لەبەشێکیدا جگە لەوەی هەڵسەنگاندن بۆ یەک بەیەک خاڵەکانی دەکەم دەڵێم :
?زۆرێك لە چالاکییەکانی ئەم ڕاپۆرتە کاری رۆژانەو ئاسایی هەر وەزارەت یان فەرمانگەیەکە لەگەڵ هەندێك چالاکی و پرۆژەدا .
? ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم بەسەرەتایەکی باش دەنرخێنین و سەرەتایەکە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر دامو دەزگاکان بەوهیوایەی لە ئایندەیکی نزیکدا یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ ی یاسای دەستکەوتنی مافی زانیاری کارا بکرێت ،وەکو مافێکی ئاسایی هاووڵاتی و ڕێکخراو چالاکوانەکان بتوانن دەستیان بە زانیاری بگات بە بێ دروستکردنی بەربەست لەبەردەمیاندا.
?ئێمە هەمیشە باسی ڕوونی(شەفافییەت) دەکین کە دەستخستنی زانیاریش بەشێکی گرنگە لە پرۆسەکە و دروستکردنەوەی پردی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دامودەزگاکانی حکومەت، کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر حکومەت پێویستی پێیەتی.
پاشان دێینە سەر تێبینیەکانم و ئەو شتانەی دەبوایە لە ڕاپۆرتەکەدا هەبوایە و نییە..
لە کۆتایشدا دەڵێین:
?ئەو پرسیارەی لامان دروست دەبێت پاش تێپەربوونی ساڵێك بەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا هێشتا ئەو وەزارەتە وەزیری نییە! وە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش نەدراوە بۆ خەڵکی کوردستان کە هۆکار چییە؟ وەکو دەزانین بە بڕیارێکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ١٥/٧/٢٠١٩ دەستەڵاتەکانی وەزیر دراوە بە راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە ( د. ئاشتی هەورامی) هەمان ئەو کەسەی وەزیری سامانە سروشتیەکان بووە لەسەرەتای دروستبوونی ئەو وەزارەتەوە!
? وەکو لەسەرەتاوە باسم کرد بڵاوکردنەوەی زانیاری هەنگاوێکی باشە بەڵام بەم شێوە کرچ و کاڵە لە ئاستی کەمترین چاوەڕوانیەکانی ئێمەدا نییە. لە سێکتەری نەوت و هەموو سەکتەرەکانی تر یەکەم هەنگاو بۆ چاکسازی بریتییە لە شەفافییەت و ئاشکرا کردنی زانیاری بۆ ڕای گشتی. ناکرێت هەڵبژێر(سێلێکتیڤ) بیت لە پێدانی زانیاریدا، ئەوەی مەبەستە ئاشکرای کەیت و ئەوی تر بەتایبەت کە زۆر گرنگە خۆتی لێ بێدەنگ بکەیت. لە سەکتەری نەوت دا زۆر زانیاری هەیە کە نەك لای هاوڵاتی ئاسایی بگرە لەپەرلەمان و لیژنە تایبەتییەکەی پەرلەمان و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری نەوت و چالاکوانان و رۆژنامە نوسان شاراوەیە.
? بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڕای بەندە زۆر کاڵ و کرچە.